راپۆرت

حكومه‌ت نایه‌وێت مووچه‌ له‌كاتى خۆیدا دابه‌شبكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


حكومه‌ت نایه‌وێت مووچه‌ له‌كاتى خۆیدا دابه‌شبكرێت

مه‌ودا میدیا-

حكومه‌تى هه‌رێم نایه‌وێت مانگانه‌ له‌كاتى خۆیدا مووچه‌ بدرێت فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ى تۆمه‌ت بۆ به‌غدا دروستبكات و به‌ خه‌ڵك بڵێت ئه‌و به‌غدایه‌ى داواتان ده‌كرد مووچه‌ دواده‌خات.

له‌كاتێكدا وه‌زاره‌تى دارایی عیراق داواى له‌ هه‌رێم كردووه‌ هه‌موو مانگێك 10ى مانگ، لیستى مووچه‌ بنێرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونى وردبینى پاره‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عیراق ره‌وانه‌ى هه‌رێم بكرێت.

به‌ڵام به‌ فه‌رمانى حكومه‌ت ناردنى لیستى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران هه‌موو مانگێك دواده‌خرێت،به‌هۆیه‌وه‌ وردبینى و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم چه‌ند رۆژێك دواده‌كه‌وێت، ئامانجى سه‌رۆكى حكومه‌تیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران بڵێت، ئه‌و به‌غدایه‌ى كه‌ داواتان ده‌كرد ئه‌وه‌تا مووچه‌ دواده‌خات و هۆكاره‌كه‌ش بخاته‌ ئه‌ستۆى به‌غدا.

عه‌زیز محه‌مه‌د، چاودێرى سیاسیی به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "حكومه‌تى هه‌رێم به‌ ئه‌نقه‌ست واده‌كات، ئه‌گه‌رنا به‌غدا هیچ گرفتى نییه‌، هۆكارێكى تریش ئه‌وه‌یه‌ ناردنى لیستى مووچه‌ بۆ به‌غدا و بونى ژماره‌یه‌كى زۆر فه‌رمانبه‌رانى وه‌همى بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌غدا ناردنى پاره‌ دوابخات".

وتیشى "حكومه‌تى هه‌رێم هه‌موو كارێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى به‌غدا لاى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ناشیرین بكات، به‌ڵام هه‌موو فه‌رمانبه‌ران ده‌زانن كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم هۆكارى ئه‌و دۆخه‌یه‌".

ئه‌وه‌شى باسكرد "ماوه‌ى شه‌ش مانگه‌ به‌غدا داواى لیستى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌كات، به‌ڵام هه‌موو مانگێگ حكومه‌تى هه‌رێم ناردنى لیسته‌كه‌ دواده‌خات، له‌كاتێكدا هه‌موو كارى حكومه‌ت هاتووه‌ته‌وه‌ سه‌ر ناردنى لیستى مووچه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌شى پێناكرێت و دواى ده‌خات".

كاروان كه‌ریم، فه‌رمانبه‌رى وه‌زاره‌تى كاره‌با به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "به‌هۆى گه‌نده‌ڵییه‌كانى حكومه‌ت مووچه‌ى وه‌زاره‌تى كاره‌با زیاتر له‌ 40 رۆژه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌، ناوى پۆلیسه‌كانى كاره‌باى له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و كاره‌باش نوسیووه‌ و دوو مووچه‌یان پێ وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ گه‌نده‌ڵییه‌ و به‌غدا ئاشكراى كرد، ده‌بێت چه‌ند ساڵه‌ چییان كردبێت".

Qaiwan
Qaiwan