ئابووری

نرخی زێڕ جارێكیتر بەرزبوویەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


نرخی زێڕ جارێكیتر بەرزبوویەوە


مەودا میدیا-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، جارێكیتر نرخی زێڕ رووی لە بەرزبوونەوە كرد و گەیشتەوە ئاستی دوو هەفتەی رابردووی لە بەرزبوونەوەدا. 

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەردەوام زێڕ رووی لە دابەزین بوو بە جۆرێك نرخی ئۆنسەیەك لە 3,499 دۆلارەوە دابەزی بۆ 3,200 دۆلار، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێكیتر نرخی ئۆنسەیەك بەرزبووەوە بۆ 3,386 دۆلار. 

هۆكاری دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ لێدوان و سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەگەڕێتەوە سەبارەت بە سەپاندنی پێناسی گومركی بەسەر دەرمان و ئەو فیلمانەی كە لە دەرەوەی ئەمریكا بەرهەمدەهێندرێن.

هۆكارێكیتریش ئەوەیە كە ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویكردەوە كە هیندستان پێشنیاری نەهێشتنی باجی لەسەر پۆڵا و پێكهاتەكانی ئۆتۆمبێل و دەرمانسازی كردووە ئەگەر ئەمریكا سوربێت لەسەر سەپاندنی باج لەسەر كاڵاكانی ئەو وڵاتە.

پێشڕەو محەمەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند"هەرچەندە ئێستا نرخ رۆژانە بەرز و نزمی تۆمار دەكات، بەڵام پێشبینییەكان پێمان دەڵێن كە نرخی زێڕ تا دێت زیاتر روو لە بەرزبوونەوە دەكات".

وتیشی"پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بگاتە چوار هەزار دۆلار". 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد"رۆژی چوار شەممە داتای گرنك هەیە بە تایبەتیش داتای دیاریكردنی رێژەی سوود لە ئەمریكا كە ئەو داتایە بە تەواوی ئاراستەی نرخی زێڕ بۆ بەرزبوون یان دابەزین دیاری دەكات". 
ئ پ 

Qaiwan
Qaiwan