بورهان  شێخ رەئوف

بورهان شێخ رەئوف

لێكەوتەكانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل

نامەوێت لێرەدا پێشەكی بۆ ئەم باسە بنووسم لە بەر گەرمی و خێرایی رووداوەكان، هەرچەندە مێژووی شەڕەكانی پێشتری  نێوان ئیسرائیل و عەرەب زۆری نەدەخایاند، ئەمجارەش شەڕی عەرەب نییە، شەڕی ئێرانی شیعە و ئیسرائیلە، بۆ نموونە شەڕی حوزەیرانی 1967 ناسراوە بە شەڕی شەش رۆژە لە 5 تا 10ی حوزەیرانی خایاند، شەڕی تشرین نۆزدە رۆژی خایاند لە 6 تا 25ی تشرینی 1973، بەڵام ئێستا دۆخی شەڕەكان گۆڕاوە، ئەوە شەڕی غەززە لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023 بەردەوامە تائێستا، نازانرێت جەنگی ئیسرائیل و ئێران تاكەی بەردەوام دەبێت لەكاتێكد لەسەر خاك دراوسێی یەكدی نین و تەنها بە درۆن و رۆكێت و فڕۆكە پەلاماری یەكدی دەدەن .

دەخوازم لێكەوتە و سیناریۆكانی ئەم جەنگە لە چەند خاڵێكدا كورت بكەمەوە:
1. ئێرانییەكان رایانگەیاندووە ئەگەر ئەمەریكا بەشداری بكات، ئەوا پەلاماری هەموو بنكە و پێگە و باڵیۆزخانە و كونسڵگەرییەكانی ئەمەریكا دەدەن لە ناوچەكە، لە عیراق و وڵاتانی كەنداو، هەربۆیە ئەمەریكییە پێش هێرشەكە بەشی زۆری دیپلۆمات و كارمەندانەكانیان لە ناوچەكە كشانەوە، هۆشداریی تووندیان دایە ئێران لەهەر پەلامارێك بۆ سەر پێگەكانیان، بەڵام پێناچێت ئیسرائیل بەتەنیا بتوانێت ئامانجەكان بپێكێت بێ‌ پشتیوانیی ئەمەریكا، چونكە هەر ئەمەریكا فڕۆكە و رۆكێتی وای هەیە بتوانێت هەموو ئەو بەربەستە قووڵ و شاراوانە ببڕێت كە لە ژێر زەویدان بەتایبەتی وێستگەی ئەتۆمی فوردۆ، مەترسییە گەورەكە لێرەوە دەستپێ‌دەكات ئەگەر ئەمەریكا بێتە ناو شەڕەكەوە كە جەنگەكە فراوانتر و وێرانكەرتر دەبێت .

2. تێوەگلانی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، ئەمەش لێكەوتەیەكی تری جەنگە كە دەبێت، ئەگەر ئێران شكست بهێنێت لە زیانگەیاندن بە ئامانجە سەربازییەكانی لە  ئیسرائیل، ئەوا  لوولەی چەك و رۆكێت و درۆن و فڕۆكەكانی دەكاتە وڵاتانی كەنداو كە لاوازترن، بەبیانووی كارئاسانی و هاریكاریی ئیسرائیل .

3. سەرهەڵدانی قەیرانێكی ئابووریی جیهانی پڕوكێنەر، هەر لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەتایبەتی ئێرانییەكان هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز دەكەن كە 20% وزەی جیهان لەوێوە تێپەڕ دەبێت، لەلایەكی ترەوە ئەگەر حوسییەكانی یەمەن كە هاوپەیمانی ئێرانن هێرشەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی و كەشتیەوانی وەكو پێشتریش كردوویانە، ئەوا قوڕەكە خەستر دەبێتەوە، لەكاتێكدا زۆربەی وڵاتانی جیهان دەناڵێنن بەدەست خراپی دۆخی ئابووری، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبێتە هۆكاری هەڵاوسانی زیاتر بۆ وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی دوای بەرزكردنەوەی باج و رسومات لەلایەن ترەمپەوە، سوودمەندی یەكەم  لەم قەیرانە رووسیایە ئەگەر نرخی نەوت زیاتر بەرزبێتەوە، ملیارەها دۆلار دەچێتە خەزێنەی مۆسكۆەوە بۆ درێژەدان بە ماشێنی جەنگی لە ئۆكرانیا.

خ.غ

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan