عیراقی

کاروان یاروەیس: کۆمپانیاکانی نەوت داوای گەرەنتی دەکەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


کاروان یاروەیس: کۆمپانیاکانی نەوت داوای گەرەنتی دەکەن
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد ئەگەر لیژنە تەکنیکییەکانی هەرێم و بەغدا سەبارەت بە نەوت و داهاتی نانەوتی بگەنە رێککەوتن هەفتەی داهاتوو راپۆرتی لیژنەکان رادەستی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەکرێت و گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەبێت.

کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند "د.عەلی فەوزی، بەرێوەبەری نووسینگەی راوێژکاریی یاسایی سەرۆک وەزیرانی عیراق،  سەرۆکایەتی لیژنەکەی عیراق دەکات ئەمەش دەرفەتێکە باشە بۆ گەیشتنە رێککەوتن وو نزیککردنەوەی هەردوولا".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "کۆمپانیاکان داوای گرێبەستێکی سێ قۆڵی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و بەغدا دەکەن و دەیانەوێت گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی عیراق هەبێت تاوەکو ماف و شایستە داراییەکانیان پارێزراوبێت، لەم نێوەندەشدا نوێنەرانی ئەمەریکا داوایان لە حکومەتی عیراق کردووە بۆ ئەوەی پێشنیاری کۆمپانیاکانی نەوت قبوڵ بکات".

ئەوەشی خستەڕوو "حکومەتی عیراق رازیبووە بە واژۆکردنی رەشنووسی گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت، بەمشێوەیەش بیانوو نامێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، چونکە ئەگەر رێککەوتن نەکرێت مووچەی چەند مانگێکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەفەوتێت".

باسی لەوەشکرد "ناکۆکی قووڵ و بۆچوونی جیاواز لەسەر داهاتی نانەوتی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە بەڵام لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی لە ماددەی (29-ا) چۆنێیەتی بەکارهێنان و رادەستکردنی داهاتی ناوخۆی بە بەغدا روونکردووەتەوە کە دەبێت 50%ی داهاتەکە لە هەرێم و پارێزگاکان رەوانەی بەغدا بکرێتەوە".

وتیشی "محەمەد شیاع سودانی بە ئاشکرا بە وەزیر و شاندەکانی هەرێمی گوتووە چیتر مووچە نانێرێت و مووچەی مانگی شەشیش وەک لایەنی مرۆیی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن ناچارە دۆسێی نەوت و داهاتی نانەوتی رەوانەی دادگای فیدراڵی بکات، کۆبوونەوەی ئەمڕۆش بۆ حکومەتی هەرێم دوا دەرفەتە، یەکلاکردنەوەی دۆسییەکەش لە دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی هەرێم نابێت، چونکە سەرۆکی دادگاکە بەبێ لایەنە سیاسییەکانی عیراق بڕیار نادات".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan