ئابووری

جارێكیتر نرخی زێڕ بەرزبووەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


جارێكیتر نرخی زێڕ بەرزبووەوە


مەودا میدیا-
نرخی زێڕ جارێكیتر رووی لە هەڵكشان كرد و تەنها لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردووشدا نرخی هەر ئۆنسەیەك نزیكەی 80 دۆلار بەرزبووەتەوە. 

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەردەوام نرخی زێڕ زیاتر دادەبەزی تا ئەوەی نرخی هەر ئۆنسەیەك گەڕایەوە بۆ كەمتر لە 3,250 دۆلار، بەڵام لە دوێنێوە ئاراستەی نرخ پێچەوانە بووەتەوە و تا كاتژمێر 10:00 ی ئەم بەیانییە نرخی هەر ئۆنسەیەك بەرزبووەوە بۆ 3,333 دۆلار، بەوەش تەنها لە ماوەی 24 كاتژمێردا نزیكەی 80 دۆلاری چووەتەسەر. 

پێشڕەو محەمەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند"ترسێك لای كڕیارانی زێڕ درووست بووە لەسەر دەنگۆی دەستپێكردنەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ناجێگیری بازار و دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ". 

وتیشی"یەكێكیتر لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ نزمبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە كە هەركات ئەو رووبدات نرخی زێڕ زیاتر بەرزدەبێتەوە". 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد"ئاراستەی بازار ناڕوونی پێوەدیارە و پێویستە كڕیاران ئاگاداری مامەڵەكانیان بن و چاوەڕیی دەرفەتی گونجاو بكەن بۆ كڕین و فرۆشتن". 
ئ پ 

Qaiwan
Qaiwan