دۆزی ژن

شنۆ شاسواری: هاوڕێ ئازاد به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ من بپرسێ، هاوکاریی مانگانه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیمی بڕیبوو،

مەودا میدیا - سلێمانی |


شنۆ شاسواری: هاوڕێ ئازاد به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ من بپرسێ، هاوکاریی مانگانه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیمی بڕیبوو،
مەودا میدیا- نەرمین عوسمان

ئەگنێتا، رۆحێکی پەپولەئاسا، عاشقانە بۆ تیشکی ئاگری نەوەی زەردەشتییان، پشتی کردە ئازادی و خۆشبەختی و روویکردە چیاکانی کوردستان. 

 ئەگنێتا، بە جەستە جێیهێشتین، جوانیی رۆحی بۆ بەجێهێشتین. هاوڕێی خۆشەویست؛ کۆچی ئەبەدیت پیرۆزبێت بەرەو ئاسمان، نیشتمانی رۆحجوانەکان.

دوای گفتوگۆکەمان، هیوام بوو یەکتر ببینینەوە، ئاواتەکەمت لەگەڵ خۆتدا برد بۆ دوایین ئارامگەت. دەنگت لە گوێمدا ئەزرینگێتەوە کە وتت: "من تەنها لەگەڵ تۆدا گفتوگۆ دەکەم، دەمێکە هیچم نەوتووە." 

خاتوونەکەم، ئەم چەند پرسیار و وەڵامە، دوایین رستەکانتە لە لاپەڕەکانی مێژووی نەتەوەیەکی بەشمەینەت کە بەشداربووی لە نووسینەوەی، بۆ هەمیشە بە جوانی دەمێنێتەوە.

بەداخەوە، ئەم گفتوگۆیەت لەسەر لاپەڕەکانی (کوردستانی نوێ) و کتێبەکە نەبینی. بەڵێنبێ؛ بۆ هەمیشە وەک جوانیی رۆحت بتهێڵینەوە لەنێو دڵمان.

ئەم گفتوگۆیەم، لەگەڵ خاتوو ئەگنێتا، هاوژین و هاوڕێی کاک عومەر شێخ موس کردووە، چەند رۆژێک پێش ماڵئاوایی و دوایین کۆچی. گفتوگۆکەمان بە زمانی سویدیی بوو، وا لێرەدا دەقەکەی بە کوردیی بڵاودەکەمەوە.


+ باسی ئەگنێتام بۆ بکە؟ ئەگنێتا کێیە و لە کوێ لەدایکبووە؟

- لە خێزانێک گەورە بووم کە توانای دارایی لە سەرووی باشەوە بوو، باوکم بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی پیشەسازیی بوو، ژمارەیەک کارمەند و کرێکار کاریان بۆ دەکرد. لە یەکێ لە باشترین گەڕەکەکانی ناوشاری ستۆکهۆڵم (پایتەختی سوید) دەژیاین. پەیوەندیم لەگەڵ دایکمدا زۆر باشبوو، بەردەوام پشتیوان و رێنیشاندەرمان بوو، کاریگەریی زۆری لەسەر خۆم و براکانم هەبوو (دوو برام هەبوو، یەکێکیان بە گەنجیی لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆچی دوایی کرد).

لە تەمەنی چوار ساڵیدا چوومەتە باخچەی ساوایان، دواتر سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییم تەواو کردووە. بۆ ماوەی ساڵێکیش بەشی سکرتاریەتم خوێندووە (بۆ کاری سکرتێری)ی و دبلۆمێکی تریشم لەبواری ئابووری و بازرگانیی بەدەستهێناوە. 


+ چۆن کاک (عومەر)ت ناسی؟

- بۆ ئێوارە خوانێک لای هاوڕێیەکم بانگهێشتکرابووم، لەو دانیشتنەدا، کوڕێکی کوردی هاوڕێی ئەو هاوڕێیەمی لێبوو، ئەو کوڕە، عومەر بوو. ئەوکات عومەر خوێندکار بوو لە بەشە ناوخۆیی خوێندکاران لە (ئالڤیک) لە گەڕەکی (بروما) دەژیا. 
ئێوارەی دواتر، عومەر، بۆ بینینی فیلمێک لە سینەما بانگهێشتی کردم. نانی ئێوارەشمان بەیەکەوە خوارد. هەستمانکرد بۆ باشتر یەکترناسین، پێویست دەکات زیاتر یەک ببینین. دوای ماوەیەک عومەر لە بەشە ناوخۆییەکەیەوە گواستییەوە بۆ شووقەکەی من کە لە گەڕەکی (کونگسهۆڵم) بوو لە ناوەڕاستی شار. بە تێپەڕبوونی کات، خۆشەویستیمان گەشەی کرد.


+ کاتێک کە کاک عومەرت ناسی دەتزانی کە کەسێکی سیاسییە و سەرقاڵی سیاسەتە؟

- هیچ زانیارییەکم نەبوو، نە لەسەر کورد و نە لەسەر کاری سیاسیی عومەریش، بەڵام ئەوەندەی نەخایاند تێگەیشتم کە عومەر کوردایەتی و کاری سیاسیی دەکات. هەروەها بۆ منیش بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگی تێگەیشتن و زانیاریی بۆ ناسینی نەتەوەی کورد و مێژوو و کێشە و گرفتەکانیان، هەروەها شۆڕش و چالاکییەکانیان. ئەوەندەشی پێنەچوو خۆشم زۆر بە قووڵیی و بە جدیی چوومە ناو بابەتە پەیوەندیدارەکانی ئەو پرسە و بووم بە بەشێک لێی.


+ چۆن و بە چ شێوەیەک هاوکاری کاک عومەر بوویت؟

- سەرەتا لە کۆبوونەوەکانیان ئامادە دەبووم (هەرچەند زمانەکەشم نەدەزانی)، بەشداریم لە خۆپیشاندانەکان و بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز دەکرد. فێری هەڵپەرکێی کوردیی بووم و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی سویدیی لە هەڵپەڕکێکان بەشدار دەبووین. دوابەدوای ئەوە دەستمکرد بە نووسینی کۆپییە ئینگلیزییەکەی گۆڤاری (شەرارە – The Spark) کە گۆڤارێکی یەکێتیی نیشتمانیی بوو، بە ئامێری چاپ چاپم دەکرد و دابەشمان دەکرد بەسەر دەزگاکانی راگەیاندنی ئەوروپی و نێودەوڵەتیدا. هەروەها هاوکاربووم لە چاپکردن و هەڵەبڕی و دیزایینکردنی نووسراو و بڵاوکراوەکان بە زمانی سویدی و ئینگلیزی، پاشان دابەشکردن و بڵاوکردنەوەیان. هەر لەو ساڵانەش بەشداردەبووم لە زۆربەی زۆری چالاکییەکان و خۆپیشاندانەکان و کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینارەکانی یەکێتیی نیشتمانی و بەشداریش دەبووم لە رێکخستنیان.


+ لە هیچ قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانت لەو پەیوەندییەی نێوانتان پەشیماننەبوویتەوە بەهۆی ناجێگیریی ژیانتان و دووریتان لەیەکەوە و سەرقاڵیی کاک عومەر و مەترسیی لەسەر ژیانی؟

- بەڵێ، زۆرجار پەشیماندەبوومەوە، هەستم دەکرد عومەر زۆربەی کاتەکانی بۆ کاری سیاسی تەرخانکردووە. تا رادەیەک هەندێجار وام هەستدەکرد منی پشتگوێخستووە، بەڵام وردە وردە بۆچوونم گۆڕی و تێگەیشتنم بۆ هۆکاری دوورکەوتنەوەی زیاتر دەبوو کە بەهۆی گرنگیی کارەکانی دەبوایە کاتێکی باشیان بۆ تەرخان بکات و لەو بارودۆخەی خۆمان باش تێگەیشتم.


+ بۆچوونت لەسەر کارەکانی کاک عومەر بۆ پرسی نەتەوایەتیی چۆنە؟

- وەک لە پرسیاری پێشوو وەڵاممدایەوە، سەرەتا زۆر ئاسان نەبوو، بەڵکو زۆریش قورس بوو بە لامەوە، بەڵام وردە وردە تێگەیشتم کە ئەم نەتەوەیە رووبەڕووی چەوساندنەوەیەکی زۆر هاتووە و بەردەوامیشە و پرسێکی ئاسان نییە و هەستمکرد کە ئەم نەتەوەیە پێویستی بە پشتیوانییەکی زۆر هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و مافە رەواکانی.
+ لەناو بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد، جێدەستت زۆر دیارە و توانیوتە بگەیتە ئاستێکی بەرز و جێی رێزی هەموو لایەک بووی، لە سەردەمانێک بەهۆی دڕندەیی دوژمنان، زۆر کەم لە ژنە کوردەکان دەیانتوانی بەشداربن، ئایا زۆر ئەستەم نەبوو بەو شێوەیە بێیتە ناو ئەم بزووتنەوەیە؟

- لە ساڵی ١٩٧٨، عومەر گەڕایەوە بۆ کوردستان، بەنیاز بوو تەنها سێ هەفتە دوورکەوێتەوە، بەڵام شەش مانگی پێچوو، لەو ماوەیەدا تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر هاتم، لەو کاتانەشدا زۆر لە سیاسی و رۆژنامەنووسەکان پەیوەندییان پێوە دەکردم و پرسیاریان دەربارەی باری سیاسیی کوردستانی (رۆژهەڵات، باشوور) لێ دەکردم، ئەو سەردەمە شۆڕشی ئێران بەرپا بووبوو و رووداوی زۆر روویدەدا، کاتێک عومەر گەڕایەوە بۆ سوید دوای شەش مانگەکە، وتی: "ئیتر ناگەڕێمەوە بۆ کوردستان." بەڵام دوای چەند رۆژێک بۆچوونی خۆی گۆڕی و وتی: "دەبێت بگەڕێمەوە بۆ کوردستان." منیش ئەمجارە وتم: "بڕۆیت، لەگەڵتا دێم." سەرەتا وتی: "نابێ شتی وا بکەی." بەڵام من پێداگریم کرد و وتم: "تۆ بڕۆیت، منیش دێم." لەدواییدا تێگەیشت کە سوورم لەسەر ئەو بڕیارە، رەزامەندیی دەربڕی. بۆ ئەو مەبەستە بەپێویستمانزانی کەمێک زمانی کوردیی فێرببم. رۆژانە کاژێرێکمان تەرخانکرد بۆ فێربوونی زمان، بۆ ماوەی سێ هەفتە وانەی کوردیی پێدەوتم. دوایی عومەر وتی: "بەسە" دەترسا لەوەی زیاتر فێرببم و نەیدەویست زیاتر تێبگەم لەپێناو سەلامەتیی من، نەیدەویست بە تەواوی لەو مەترسییە گەورانەی رووبەڕوومان دەبێتەوە تێبگەم، چونکە ماوەکە کورت بوو بۆ فێربوونی زمانێکی تازە، بۆیە نەمدەتوانی بە باشیی بە کوردیی بدوێم و تێبگەم، ئیتر رۆیشتین بەرەو کوردستان و لە ناوزەنگ و توژەڵە گیرساینەوە لە ناوچەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی.

+ کاتێ لەناو پێشمەرگە بووی، پەیوەندیت لەگەڵ کێ باش بوو؟

-پەیوەندیم لەگەڵ قادر خەبات زۆر باشبوو، دەمانتوانی بە بێ کێشە زیاتر لە نیو کاژێر بەیەکەوە قسە بکەین و لەیەکتریش تێبگەین، من بە سویدی و ئەو بە کوردی، زۆریش چێژم لە گفتوگۆکەمان وەردەگرت. هەروەها پەیوەندیم لەگەڵ کاک نەوشیروان مستەفا زۆر باشبوو، کاک نەوشیروان فێری بەکارهێنانی چەکی کردم و ناوبەناو کە دەچوو بۆ بەسەرکردنەوەی بارەگاکان، لەسەر شاخەکان گوڵی سروشتیی جوانی بۆ دەهێنام. د.کەمال خۆشناویش وەک برایەک وابوو ناویشمنابوو (برا گەورە). هەروەها بە د.خدر مەعسومم دەوت: "برای بچووک" و ناویشمنابوو (سپیدی گۆنزالیس - Speedy Gonzalez) (کارەکتەرێکی فیلمی کارتۆنییە، خێراترین مشکە لە مەکسیک)، بۆیە ئەم ناوەشم لێنا، چونکە هەموو کارێکی بەپەلە و بە خێرایی دەکرد، خێراش نانی دەخوارد. پەیوەندیم لەگەڵ رووناک خان و مەلا بەختیار و لەگەڵ (تۆ و کاک دارۆ)ش زۆر باشبوو. هەروەها لەگەڵ هێرۆ خانیش دوو هاوڕێی نزیکبووین. ئەوکاتەی من لە ناوزەنگ بووم، کاتێکی کەم بەیەکەوە ماینەوە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ مام جەلال بۆ هەندێ کار نزیکەی یەک ساڵ چوونە دەرەوەی کوردستان و ئەو ماوەیە من لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٠ تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨١ لەوێ مامەوە.

+ ئەی پەیوەندیت لەگەڵ مام جەلال چۆن بوو؟
- پەیوەندیمان باش بوو، کەسێکی قسەخۆش و خۆشمەشرەف بوو. لە سەرەتادا ئەوەندە جدیی نەبوو، بەڵام وردە وردە پەیوەندیمان قووڵتر بوو.

+ رووداوە خۆش و ناخۆشەکانی ناو پێشمەرگایەتیم بۆ باس بکە؟
- جارێ پەیوەندیم لەگەڵ پێشمەرگەکان زۆر باشبوو، هەستم دەکرد ئەو پەیوەندییە بەهێز و پۆزەتیڤە و هیچ لایەنێکی نێگەتیڤم نەدەبینی و نەبوو، بەڵام لەسەر هەندێ پرس و کاری سیاسی، چەندین بۆچوون و دونیابینیی جیاوازمان هەبوو. هەندێجار بە لامەوە قورسە تێبگەم لەو ناکۆکی و نەگونجانەی کە هەیە و هەبووە لەنێوان کەسە بەرپرسەکان، هەروەها ئەو گەندەڵییەی کە لەم ساڵانەی دواییدا هەیە، زۆرجار دەپرسم باشە چۆن دەبێت ئەو کەسانەی کە ئامادەیی بەخشینی ژیان و هەموو شتێکیان هەبوو لەپێناو ئازادیی میللەت و وڵات، ئێستا ئەو هەڵانە بکەن لەپێناو بەرژەوەندیی کەسیی و خۆیان، بەڵام لەگەڵ ئەم پرسیار و گلەییانەشم، دەڵێم؛ تا رادەیەک شتەکان باش بەڕێوەچووە.

+ هەندێک لەو بیرەوەرییانەم بۆ باس بکە کە مەبەستتە بۆ مێژوو بمێنێتەوە و خوێنەری لێ ئاگاداربکەیتەوە؟
- وەک باسمکرد، سەرەتا ئەو راستییانە بۆ من نامۆ بوون، زۆرم دەربارەیان نەدەزانی، بەڵام دواتر و ئێستا هەموو شتێکم لا روونە، هەرگیز ئەو پێشمەرگانەم بیرناچنەوە کە لە کاتی بۆردومانی فڕۆکە عیراقییەکان لە مانگی یۆلیۆی ١٩٨٠، شەهید و بریندار بوون. هەروەها مامەڵەی پاسدارانی ئێران لەگەڵ کوردەکانی رۆژهەڵات. 
بیرەوەرییەکی ترم هەیە کە هەرگیز بیرمناچێتەوە؛ لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨١، کاتی گەڕانەوەم لە کوردستانەوە بەرەو ئەوروپا، لە دوای ناوچەی سەردەشت، لە بازگەیەکی پشکنینی ناو ئێران، کەوتنە پشکنینی لەشم و لەناو جلەکانم (جلی کوردیی پێشمەرگایەتی) بەرم، منیش دوو نامەی گرنگی (شێخ عزەدین حسێن)م لەناو جلەکانم شاردبووەوە، کە ئەو دوو نامەیە شێخ عزەدین بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی نووسیبوو دەربارەی ئەو نەهامەتی و چەوساندنەوەیەی رژێمی ئێران دەرحەق بە میللەتی کورد دەیکات، نامەکان نەکەوتنە دەستی پاسدارەکان و نەیاندۆزینەوە. لە هەمان جۆری نامە درابوو بە هاوڕێیەک و دۆستێکی نزیکمان بە ناوی (قەرەنی کەریمی) بەداخەوە بەهۆی ئەو نامانەوە، دەستگیرکرا و لەسێدارەیان دا.

+ ئایا هیچ بیرەوەرییەکی خۆتت تۆمار نەکردووە؟
- نەخێر، بەداخەوە هیچم نەنووسیوە، هەرچەندە زۆر کەس داوای لێکردووم و نەمکردووە، هەستدەکەم کارێکی ئاسان نییە.
 دەمەوێت شتێک بڵێم؛ دەزانم من بووبووم بە نموونەیەکی جوان بۆ ژنانی کورد، ژنێکی سویدیی پێشمەرگە بوو کە ئەوسا پێشمەرگەی ژن زۆر کەمبوون و تەنها چەند ژنێکی لێ بوو.

+ چۆن توانیت خۆت لەگەڵ کولتووری کوردیی کە زۆر جیاوازە لەگەڵ کولتووری ئێوە، بگونجێنی؟
- لە سەرەتاوە هەندێک کتێبم لەسەر کۆمەڵگای کوردی و لایەنی کولتووری و دابونەریتتان خوێندبووەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک رەفتار بەلامەوە نامۆ بوو. بۆ نموونە؛ هەندێک پیاوی موحافیزکار و ئایینیی هەبوون، ئامادەنەبوون تەوقە لەگەڵ ژندا بکەن، بەتایبەتی من لە کۆمەڵگایەکی یەکسانخوازەوە هاتبووم و ئەم رەفتارەم بەلاوە پەسەند نەبوو. هەرچەند عومەر هۆکارەکەی بۆ شیکردمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرامبەر برادەرە بەرپرسەکانی ناو یەکێتیی، رەتمکردەوە و بە جیاکاری و بەکەم سەیرکردنم پێناسە کرد. 
شتێکی خۆشتریش؛ کاتێک مام جەلال و عومەر و هێرۆ خان و من بچووینایە بۆ ناوچەیەکی تر، یان سەردانێک، مام و عومەر ئێمەیان پێش خۆیان دەدا، دەمبینی هەندێک لەو پێشمەرگانەی لەگەڵماندا دەهاتن، بە هێمنی و نهێنیی پێکەنینیان بەو جۆرە رەفتارە دەهات کە چۆن دەبێت ئێمە لە پێش ئەوانەوە بڕۆین. 
ئەوانی تر لەسەر ژیانی رۆژانەمان بوو، ژیان لەوێ زۆر سادە و ساکار بوو. لەناو چادر، یان ژوورێکی قوڕ دەژیاین، خواردنەکان تەنها چەند جۆرێکی دووبارەبوون، چواردەورمان پڕبوو لە (رشک و ئەسپێ و دووپشک و مار و مشک) کە بەلامەوە تا رادەیەک ئاسان نەبوو.


+ کۆتا قسەت دەربارەی پرسی کورد؟
-بەلامەوە پرسێکی زۆر حەق و رەوایە، ئەم نەتەوەیە زۆری چەشتووە و مەینەتیی زۆر بینیوە لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان و مافە دیموکراتییە سەرەتاییەکانیان، زۆریان قوربانیی داوە لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی و زۆری خایاندووە. بەلامەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بزووتنەوە و بەرپرسە کوردەکانیش بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە رێگای باش و ئاشتییانە بۆ ئەم پرسە گرنگە بگرنەبەر.


منیش لە کۆتاییدا دەڵێم؛ ژیان بۆ هیچ کەس هەتا سەر نییە، تا بکرێت بە دوای  ئاشتی و ئاشتەوایی و بەیەکەوەژیان عەوداڵ بین، گفتوگۆی ئاشتییانە، کردنەوەی باوەشی خۆشەویستیی، رق بەلاوەنان، تا ئاشتیی هەبێ ژیان ئاسوودەیە. پێکەوەژیانی بە ئاشتیی، وا لە من و تۆ و ئەم و ئەو دەکات ببین بە پارچەیەک لە هەستی گەرم لە باوەشی زستانێکی سارد، لە هەر کوێیەک خۆشەویستیی هەبوو بڕۆین بۆی، دوورکەوینەوە لە چاڵهەڵکەندن و رق بڵاوکردنەوە. ئەمە گفتوگۆی من و ئەگنێتا بوو سەبارەت بە رۆژانی سەختی خەبات و ژیان.

ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز نەرمین عوسمان لەگەڵ خاتوو  ئەگنێتا ئەنجامی داوە.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد