راپۆرت

نرخی نەوت ئاگری بەرداوەتە بازاڕ

مەودا میدیا - سلێمانی |


نرخی نەوت ئاگری بەرداوەتە بازاڕ
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ دووشەممە، بۆ سێیەمجار لەسەر یەك نرخی نەوت لە بازاڕی بۆرسە بەرزبوونەوەی تۆماركرد و بە وتەی شارەزایەكی ئابوریش ئەگەر نەوت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، دۆخی دارایی هەرێم باش دەبێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسە جیهانییەكان، ئەمڕۆ دووشەممە، بۆ سێیەمجار نرخی نەوت بەرزبوونەوەی گەورەی تۆماركردو ئێستا یەك بەرمیل نەوت لە بازاڕی بۆرسە بۆ جۆری برێنت بە 35 دۆلار و 59 سەنتە، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریكی بۆ 33 دۆلارو 19 سەنت بەرزبووەتەوە".

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر عیراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی چونكە بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن و هەرێمیش زیاتر پێویستی بەو بەرزبوونەوە هەیە چونكە لە ئێستادا لە دۆخێكی خراپی داراییدایە.

نەوزاد كامیل، شارەزای بواری ئابووری بە مەودا میدیای راگەیاند "چونكە ئێستا هەرێمی كوردستان زیاتر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، هەر لەبەرئەوەی هەر بەرزبوونەوە و دابەزینێكی نەوت لە بازاڕی بۆرسە كاریگەری دەكاتە سەر دۆخی دارایی هەرێم".

ئاماژەی بەوەشكرد "بەپێی پێشبنییە جیهانییەكان، نرخی نەوت بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە و ئەگەری هەیە تا چەند هەفتەی داهاتوو نەوت زیاتر بەرزبێتەوە و ئەوەش كاریگەری باش و راستەوخۆی دەبێت لەسەر داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەت كێشەی لەگەڵ مووچە نامێنێت".

ئەوەشی خستەڕوو "بینیمان پێشتر كە نرخی نەوت دابەزی كاریگەری خراپی دروستكرد، ئێستا كە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە وا دەكات رۆژانە داهاتێكی زیاتر بێتە دەستی حكومەت و بەوەش وردە وردە دۆخەكە بەرەو باشبوون و ئاسایی بوونەتەوە دەڕوات".

لە ماوەی 35 رۆژی رابردوو نرخی نەوت گەورەترین دابەزینی تۆماركرد  لە مێژوو كاتێك یەك بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریكی بۆ خوار سفر دۆلار دابەزی و یەك بەرمیل نەوتی برێنتیش بۆ 14 دۆلار دابەزی.

پێشتر وڵاتانی ئۆپێك كە عیراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە رێككەوتوون لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە و لە سەرەتای مانگی ئایارەوە رۆژانە 20 هەزار بەرمیل نەوت كەمی كردووە، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە داهاتوودا.

سعودییە و رووسیا بە هۆكاری سەرەكی دادەنرێن لە بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت بەتایبەتی وڵاتی سعودیە كە بەرهەمی رۆژنەی نەوتی دەگاتە 13 بۆ 15 ملیۆن بەرمیل نەوت، ئەو دووڵاتە بەردەوام ناكۆكیان هەیە لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و ئەو ناكۆكییەشیان كاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕی بۆرسە دەبێت.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان