چاوپێكەوتن

سەردار عەزیز: دەنگدەری ئەمەریكی لەسەر بنەمای ئابووری دەنگ بە پاڵێوراو دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەردار عەزیز: دەنگدەری ئەمەریكی لەسەر بنەمای ئابووری دەنگ بە پاڵێوراو دەدات
ئینستتیوتی نارین، مەودا میدیا- هێمن سەعید

بەشی یەكەم
وابڕیارە رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2020، هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا دەستپێبكات، كێبڕكێ لە نێوان هەردوو پاڵێوراوانی حزبی دیموكراتەكان (جۆ بایدن) و سەرۆكی ئەمەریكای ئێستا و پاڵێوراوی حزبی كۆمارییەكان (دۆناڵد ترەمپ) دەستیپێكردووە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی وڵات. بۆ چوونە ناو كۆشكی سپی هەریەك لەو دوو پاڵێوراوە  پێویستیان بە بەدەستهێنانی زۆرینەی رەها (رێژەی 50+1)هەیە. لە سەرەتادا بارودۆخەكە لە بەرژەوەندیی كۆمارییەكان بوو، لە بەرانبەردا دیموكراتەكان شێوازێك لە پەرتەوازەیی و شڵەژانیان پێوەدیار بوو، خودی ترەمپیش ئەو دۆخە ئابوورییەی كە لەدوای هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی ئەمەریكا هاتەكایەوە بە دەسكەوتی خۆی دەزانی. بەڵام لە پڕێكدا بارودۆخەكە گۆڕاو ئاوەژوو بوویەوە، لە كۆتا ساڵی سەرۆكایەتییەكەی ترەمپ كۆمەڵێك گۆڕانكاری روویاندا كە لە زیانی ترەمپ بوو، وەك؛ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمەریكا و داڕمانی ئابووری وڵات و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی دژ بە رەگەزپەرستی و تاوانباركردنی ترەمپ بە بەكارهێنانی پۆستەكەی لەپێناو بەرژەوەندیی كەسی و كۆتا شتیش بڵاوبوونەوەی كتێبەكەی جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا بوو.
شرۆڤەی ئەم بابەتە دەكەین لەگەڵ د.سەردار عەزیز، نووسەر و شارەزای كاروباری سیاسی ئەمەریكا.

دكتۆر لە سەرەتای ئەمساڵەوە كۆمەڵێك بارودۆخ لە ناوخۆی ئەمەریكا هاتنە پێشەوە وەك؛ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی ئابووریی وڵات و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی دژ بە رەگەزپەرستی، ئایا ئەو گۆڕانكارییانە كاریگەرییان لە دووبارە متمانە دانەوە بە ترەمپ دەبێت؟
د. سەردار عەزیز: لە سەرەتادا ترەمپ دۆخی زۆر باش بوو، ئابووری گەشابوویەوە و رێژەی بێكاری زۆر كەمیكردبوو، ترەمپ ئەوەی بە دەستكەوتی خۆی دەزانی و زۆر شانازی پێوە دەكرد، لە بەرانبەردا دیموكراتەكان لەنێوخۆیاندا كێشەیان هەبوو، بەڵام لە پڕ دۆخەكە گۆڕا، بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە ئەمەریكا وایكرد ئابووری پەخست، چونكە ئەمەریكا سیستمێكی تەندروستیی خراپی هەیە، نەخۆشخانەكان رێژەیەكی زۆر پارە وەردەگرن لە نەخۆش لەكاتی پێدانی چارەسەر بۆی، بۆ ئەوەی نەخۆش بچێتە نەخۆشخانە پێویستی بە چەندین هەزار دۆلارە لە ژمارە بانكییەكەیدا هەبێت تاوەكو دكتۆر بیبینێت، خەڵك بەهۆی گرانی تەندروستی و كەمی داهاتیان نەیانتوانی سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن، ئەوەش وایكرد خەڵكێكی زۆر تووشی نەخۆشییەكە ببن، بەتایبەت لەناو خەڵكانی هەژاری رەش پێست و سپی پێست. سەرئەنجام ئابووری دابەزی، ئەوەش وایكرد خەڵك ناڕەزایەتی دەربڕی، بۆیە دەبینین لە راپرسییەكان ئێستا ترەمپ وەك جاران لە پێشەوە نییە، ئەوەش وایكرد هەڵوێستەكانی ترەمپ پەرچەكرداری بێت.

بەشێك لە كەسایەتی و دەزگا فەرمییەكانی كۆمارییەكان پشتیوانی لە ترەمپ ناكەن و بەرگری لێناكەن، تەنانەت هەندێك كەسایەتی دیاری كۆمارییەكان وەك؛ كۆڵن پاوڵ و ماتێس و مەكگۆرگ، دژی ترەمپ لێدوانیان دا، ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
د. سەردار عەزیز: لە راستیدا پەیوەندی ترەمپ لەگەڵ كۆمارییەكان پەیوەندییەكی سوودمەندانە بووە، ئەگەر خەڵك پشتیوانی ترەمپیان كرد ئەوا حزبیش پشتوانی دەكات،  ئەگەر بزانن خەڵك پشتیوانی ناكات ئەوا ئەوانیش پشتیوانی ناكەن، وەك یاری دوو گۆڵی وایە ئەوەی بردیەوە پشتیوانی دەكەن، بەشێكیش لەو كۆمارییانەی كە پلەی باڵایان هەیە ناوێرن دژایەتی بكەن لەبەر لەدەستدانی كورسییەكەیان، چونكە لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی بە سەرۆك، كورسییەكانیان دەكەوێتە  مەترسییەوە.

لەئێستادا رەنگە لای بەشێك لە كۆمارییەكان وادەركەوێت ترەمپ چارەسەر نییە، بەڵكو كێشەیە، لە بارودۆخێكی وەهاشدا كۆمارییەكان رایان دەگۆڕن بەرانبەری، چونكە پشتیوانیكردنی ترەمپ كارتی براوە نییە، ئەوان ئیتر لەو لایەنەوە  مامەڵە دەكەن ئەگەر دژایەتی بكەیت ئەگەری بردنەوەت هەیە ئەوەش وایكردووە پەیوەندییەكی سارد دروست ببێت لە نێوان كۆمارییەكان و ترەمپ.
هەروەها كوشتنی جۆرج فلۆید وایكرد بارودۆخەكە بگۆڕێت و بزووتنەوەیەكی جەماوەری دژی رەگەزپەرستی دروستبوو لە ئەمەریكا بەتایبەتی و لە سەر ئاستی دنیاش بەگشتی، ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی ترەمپ مامەڵەیەكی سەربازییانەی نادروست بكات، كە سەربازی نارد بۆ شەقامەكان، چونكە كۆمەڵێك كەسایەتی پلەداری ئەمەریكی هاتنە دەنگ لێی وەك (كۆڵن پاوڵ و ماتێس و مەكگۆرك) كە ئەوەش بووە هۆی دیدیكی پەرچەكردارانە بۆی.

لەلایەكی دیكەوە ترەمپ دەیەوێت خۆی لە بابەتی كۆرۆنا بەدوور بگرێت، بەدوای لایەنێكدا دەگەڕێت تاوانباری بكات، چونكە پێدەچێت دۆزینەوەی ڤاكسین بەم خێرایە نەیەتە دەست، چین یەكێكە لەو لایەنانەی كە ترەمپ دەیەوێت تاوانباری بكات، ئەوەش بۆ هەندێك توێژ لە ئەمەریكا پەسەندە، چونكە كاری بەرهەمهێنان و پیشەسازی لە ئەمەریكا نەماوە و رۆیشتووە بۆ چین. ئەوەش خاڵێكی تری نەرێنییە بۆ ترەمپ، هەروەها بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیی ئەمەریكی بەهۆی زۆری كرێی خوێندن ناتوانن بچنە زانكۆ، چونكە چەندین هەزار دۆلاری تێدەچێت. هەروەها دۆخی ئابووری دنیاش خراپ بووە كە ئەوەش لە بەرژەوەندیی ئەمەریكا نییە، هەروەها دۆخی ئاڵۆزی ئەمەریكا لەگەڵ چین لە ئێستادا ئەویش خواستی ئەمەریكا نییە، هەموو ئەوانە بووە بەهۆی ئەوەی ترەمپ لاواز ببێت.

جۆ بایدن

"بایدن پێویستی بە رازیكردنی باڵێكی دیموكراتەكانە بۆ سەركەوتن"
بەڕێزتان باستان لە كۆمەڵێك هۆكاری كۆمەڵایەتی و ئابووری كرد، كە بوونەتە هۆی لاواز بوونی ترەمپ، پێتان وایە بڵاوبوونەوەی كتێبەكەی جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی ئەمەریكا لەم كاتەدا كاریگەری نەرێنی درووست بكات لەسەر پێگەی جەماوەری ترەمپ؟
د. سەردار عەزیز: هاتنی بۆڵتۆن لەم كاتەدا بۆ ئەوە بوو پەیامێك بنێرێت بۆ كۆمارییەكان و پێیان بڵێت؛ ترەمپ ئەو كەسە نییە شایستەی ئەوە بێت جارێكی تر پشتیوانیی بكەن و ببێتەوە بە سەرۆك، بۆیە دەنگی پێ مەدەن. رەنگە بۆڵتۆن بتوانێ دەنگی بگاتە كەسانێك كە دیموكراتەكان نەتوانن دەنگیان پێیان بگات، چونكە بۆڵتۆن كەسێكە لە 4 ئیدارەی كۆمارییەكان بەشدار بووە و پلەی باڵای هەبووە و كاریگەری و رۆڵی زۆری هەبووە لە ئاراستەكردنی سیاسەتی ئەمەریكی.

دواجار هەموو ئەوانە لەسەر ئەوە وەستاوە تا 5 مانگی تر دۆخەكە بەرەو كوێ دەڕوات، ئایا خراپتر دەبێت یاخود باشتر؟ ئایا دیموكراتەكان دەتوانن سوودمەندبن لەو دۆخە؟ لەڕاستیدا دیموكراتەكان پەرتن، هەندێكیان توندڕەوی رادیكاڵن دەیانەوێ گۆڕانكاری رادیكاڵی بكرێت لە سیاسەتی ئەمەریكادا و پشتیوانی (ساندەرز) بوون، كە ساندەرز كشایەوە ئێستا دەبێت بایدن ئەوان رازی بكات، لە ئێستادا بایدن لە خەتێكی ناوەندییەوە گواستویەتییەوە بۆ چەپ، ئەگەر بتوانێت ئەو باڵەی دیموكراتەكان رازی بكات رەنگە ئەو چانسەی هەبێت سەركەوێت بەسەر ترەمپدا.

لەگەڵ هەبوونی هەموو ئەو بارودۆخە نوێیانەی روویاندا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ناوخۆی ئەمەریكا، لە ئێستادا جەماوەری ئەمەریكی زیاتر پشتیوانی ترەمپ دەكەن یاخود بایدن؟
د. سەردار عەزیز: دەبێت بەشێوەی ئەمەریكییانە لە بارودۆخی ناوخۆی ئەمەریكا بڕوانین، هەروەها دەبێت لە سیستمی هەڵبژاردنی ئەمەریكییەوە بڕوانین لە دەنگدەرانی ئەمەریكا، گومانی تێدا نییە كە بایدن دەنگی زیاتر دەهێنێت لە ترەمپ، بەڵام دەنگ زۆری نابێتە ئەوەی بایدن ببێت بە سەرۆك، لە هەڵبژاردنی پێشوودا ئەوەی بڕیاری یەكلاكەرەوەیدا 70 هەزار كەس بوو، لە كاتێكدا هیلاری كلینتۆن 3 ملیۆن دەنگ لەپێش ترەمپەوە بوو، بەڵام جوگرافیا گرنگە، واتە ئەو دەنگدەرە لە كوێیە، هەروەها ئەو سیستمەی كە پێی دەڵێن (electoral ballot) یەكلایی دەكاتەوە كە كێ دەبێتە سەرۆك نەك كەمی و زۆری دەنگ، بۆیە ئەوە گرنگە لە ویلایەتەكان كێ دێت بۆ دەنگدان و كێ  نایەت، بەشی زۆری كەمپەینەكان بۆ ئەوانەیە كە بڕیاریان نەداوە، چونكە لایەنگرەكان پێویستیان بەوە نییە خۆیان یەكلایی بكەنەوە، چونكە ئەوەی كۆمارییە بڕوای بە ترەمپ هەیە، هەرچی دیموكراتەكان بەرانبەر ترەمپ بیڵێن ئەوان بڕوایان پێناكەن، هەندێك لایەنگر هەیە بەهیچ شێوەیەك سەیری سی. ئێن. ئێن ناكەن تەنیا سەیری فۆكس نیوز دەكات كە ئەوەش یەكێكە لە خراپییەكانی ئەو فرە میدیاییەی ئێستا كە وادەكات دەنگی جیا نەبیستێت و هەر ئەو دەنگەی خۆت حەزت لێیە گۆێی لێبگریت. بۆ نموونە؛ لەكاتی هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ، ئەگەر ئەمەریكا پلۆرال نەبوایە ئەوا دوور دەخرایەوە، بۆیە كاریگەری نەكرد و دوور نەخرایەوە، دەنگدەری كۆمارییەكان دەنگیان ناگۆڕن لە بەرانبەر دیموكراتەكان بە ئاسانی، ئەوەی بڕوایان دەگۆڕێت بارودۆخی ئابوورییە، یان دەنگ نادەن یاخود دەنگ دەدەن بە دژ، تەنیا ئەوەیە گۆڕانكاری درووست دەكات، یاخود ئەو خەڵكە بێلایەنانەی كە یەكلایی نەبوونەتەوە، رەنگە بە بارودۆخی ئابووری یەكلایی ببنەوە و دەنگ بە ترەمپ نەدەن.

سەرەڕای هەموو ئەو رەخنانەی ئاراستەی خودی ترەمپ كران لەلایەن كەسایەتییە دیارەكانی ئەمەریكاوە بە كۆماری و دیموكراتەكانیشەوە لەسەر كەسایەتی و ئیدارەكەشی، ئەگەر كۆمارییەكان رێژەی دەنگی (50+1) بهێننەوە، دەنگ بە ترەمپ دەدەنەوە ببێت سەرۆك؟
د. سەردار عەزیز: ترەمپ پاڵێوراوی كۆمارییەكانە، دەنگدان و دەنگ نەدان بە ترەمپ لەسەر دۆخی ئابووری وەستاوە، واتە ئابووری ئەمەریكا چۆن دەبێت؟ ئەگەر خراپ بێت، پشتیوانی ناكەنەوە، ئەگەریش بەدیلێكی باوەڕپێكراویان هەبێت بۆ دەنگدەرە بێلایەنەكان تا بڕوایان پێبكەن دەنگیان پێبدەن ئەوە پشتیوانی دەكەنەوە، ئەگەرنا كۆمارییەكان لە كاتێكدا پشتیوانی ترەمپ دەكەن بزانن براوە دەبێت، واتە یارییەكە لەسەر بردنەوە و دۆڕانە، نەك ئەخلاق و بەها و سیاسەت. كێ بردیەوە پشتیوانی دەكرێت كێش دۆڕانی پشتیوانی ناكرێت.

نیویۆرك

"خەڵكی شارە گەورەكان بەگشتی دەنگدرەی دیموكراتەكانن"
وەك دەزانین بەهۆی كوشتنی جۆرج فلۆید، بزووتنەوەیەكی جەماوەریی دژی رەگەزپەرستی درووستبووە لە ئەمەریكا و داوای یەكسانی رەگەزی دەكەن، ترەمپ كۆمەڵێك هەنگا و لێدوانی نابەرپرسانەی دژی ئەو بزووتنەوەیەدا، بەبڕوای بەڕێزتان دەنگی رەش پێستەكان كاریگەری نابێت لەسەر تەرازووی دەنگەكان لە دژی ترەمپ؟
د. سەردار عەزیز: لە ئەمەریكا بەزۆری ئەوەی هەست بكات سوودمەند نییە لە سیستمی ئابووری و سیاسی ئەمەریكی دەنگ بە دیموكراتەكان دەدەن، خەڵكە هەژار و رەشەكان زۆر بە كەمی دەنگ بە كۆمارییەكان دەدەن، بەدرێژایی مێژوو رەشپیستەكان دەنگدەری كۆمارییەكان نەبوون، بۆیە ئەو بابەتە جێگەی بایەخی كۆمارییەكان نەبووە و گۆڕانكاریش درووست ناكات لە هاوكیشەكەدا، هەروەها ئەسمەرەكانیش ئەوانەی لە ئەمەریكای لاتینەوە هاتوون كاریگەری درووست ناكەن لەسەر دەنگدانەكە. هەر ویلایەتێك شاری گەورەی كەم تیابێت بە زۆری دەنگدەری كۆمارییەكانن، چونكە خەڵكی شارە گەورەكان بەگشتی دەنگدرەی دیموكراتەكانن، چونكە كۆمەڵێك كێشە هەیە لەو شارانە بەنسبەت شارە بچوكەكانەوە جێگەی بایەخ نین، وەك؛ كێشەی ژینگە و خانوبەرە و توندوتیژی، ئەوانە كۆمەڵە پرسێكن جێگەی بایەخی خەڵكی شارە بچووكەكان نین. واتە جوگرافیا زیاتر كاریگەرە نەك چین و توێژ.

دۆناڵد ترەمپ

بەڕێزتان باستان لە كۆمەڵێك رێگری بەردەم ترەمپ كرد، كە وایلێكردوون ترەمپ لاواز دەركەوێت و چانسی بردنەوە بۆ بایدن بێت، ئەگەر بایدن بوو بە سەرۆك هیچ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكادا روودەدات؟
د. سەردار عەزیز: بێگومان بارودۆخەكە گۆڕانی بەسەردا دێت، لە پرسی چیندا بایدن كەوتە تەڵەی ترەمپەوە كە بۆی دانابوو، چونكە خەڵكێكی زۆر لە ئەمەریكا وای دەبینن چین تاوانبارە لە پرسی كۆرۆنادا، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموكراتەكان روانگەیان بەرانبەر ئێران جیاوازە و رەنگە ئەو رێككەوتنە (رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران) زیندوو بكەنەوە و ئەو فشارانەی سەر ئێران كۆتایی پیبێت، بەڵام رەنگە لەگەڵ توركیادا ئەو دۆستایەتییە نزیكەی ترەمپ لەگەڵ ئەردۆغان نەمێنێت، چونكە بایدن ئەو پەیوەندییە كەسییەی لەگەڵ ئەردۆغاندا نییە، بەڵام بەدڵنیایی سیاسەتی دەرەوە بەشێوەی سەد لە سەد وەك بانگەشەی هەڵبژاردن دەرناچێت، چونكە دروشمی بانگەشە جیاوازە لە واقعی ئیدارەدانی دنیا.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان