کوردستانی

لەبارەی هێرشەكانی شارباژێڕ روونكردنەوە دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


 لەبارەی هێرشەكانی شارباژێڕ روونكردنەوە دەدرێت
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

"یەرەكە" كە باڵی سەربازی پەژاكە، لە راگەیەندراوێكدا بە ئاماژەدان بە دوو هێرشی ئاسمانی سوپای  توركیا بۆسەر ناوچەی شارباژێر، "شەهیدبوونی حەوت گەریلا و دوو هاوڵاتی باشوری كوردستانی راگەیاندووە".

فەرماندەیی یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان- یەرەكە، كە باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پەژاك" ە لەسەر دوو هێرشی ئاسمانی سوپای توركیا بۆسەر ناوچەی شارباژێڕ  لە باشووری كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "لە چەند رۆژی رابردوو دەوڵەتی فاشیستی توركیا دووجار لەسەر گوندەكانی سەربە شارۆچكەی ماوەتی ناوچەی شارباژێر هێرشی ئاسمانیی لە رێگای فڕۆكەی سیخوڕی بێفرۆكەوان و فڕۆكەی جەنگی پێكهێناوە، هێرشی یەكەم لە رۆژی 4 ی ئەم مانگە لە دەوروبەری گوندی گەڵاڵە لە هەرێمی ئاسۆس ئەنجام دراوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ئاگر بە باخ و باخچەی گوندیەكان كەوتووە و بەشێك لە زەوی گوندەكە لە ناو ئاگردا سووتاوە، لەم هێرشەدا هیچ زیانێك بەر هێزەكانمان نەكەوتووە".

لە بەردەوامی راگەیندراوەكەدا لەسەر هێرشی دووەم هاتووە "لە ڕۆژی 7ی ئەم مانگە، جارێكی دیكە فرۆكە جەنگیەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركیا لە سنوری شارباژێر نزیك چیای “باڵۆسە”یان بۆردوومان كرد، لەو هێرشە داگیركارییەدا یەكینەیەكی هەڤاڵمان كە لە سەر ئەرك بوون، بوونە ئامانجی فرۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی فاشیست و داگیركەری تورك، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا حەوت هەڤاڵمان لە گەڵ دوو گەنجی وڵاتپارێزی باشوری كوردستان شەهید بوون، كە دواتر ناسنامەی هەڤاڵانی شەهیدمان لە كاتێكی نزیكدا ڕادەگەیەنین".

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەی یەرەكەدا هاتووە "لەم كۆمەڵكوژییەی چیای باڵۆسە دەستی سیخوڕی هەرێمی هەیە، هەم گەلەكەمان و هەم هێزی بەرپرسیار لە ئەم ناوچانە دەبێت هەڵوێستیان دیار بكەن و رێگا بە كەسی سیخوڕ و بەكرێگیراو نەدەن، كە لە قۆناغێكی وەها هەستیار و مێژووییدا خزمەتی داگیركەری بكەن، وەكوو یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بەرانبەر ئەم هێرشە و هەبوونی سیخوڕان بێ دەنگ نابین و بێ وەڵامیان ناهێڵینەوە ".

Qaiwan
Qaiwan