جیهانی

یەكێتی ئەوروپا سزای توركیا و بیلاروس دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەكێتی ئەوروپا سزای توركیا و بیلاروس دەدات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

لەسەرئاڵۆزییەكانی چەند رۆژی رابردووی بیلاروسیا و كوشتنی خۆپیشاندەران، هەروەها ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی توركیا لە ئاوەكانی یۆنان و قوبرس لەلایەن توركیاوە، یەكێتی ئەوروپا سزا بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا دەسەپێنێت.

وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا  لەرێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە، بە ئامادەبوونی جۆزێف بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا گفتوگۆیان كرد دەربارەی پێشێلكارییەكانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی توركیا و  بیلاروس بەرامبەر خۆپیشاندەران.

لەو چوارچێوەیەدا، وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رەزامەندییان نیشاندا لەسەر گرتنەبەری چەند رێكارێك دژی دەسەڵاتدارانی بیلاروسیا لە بەرامبەر ئەو هەڵمەتە سەركوتكارانەی كە بەفەرمانی سەرۆكی ئەو وڵاتە دژی خۆپیشاندەران بەكارهاتووە.

كۆبوونەوەكە لەبارەی پرسی بیلاروسیاوە رەزامەندییان نیشاندا لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتە كە دەستیان سوور بووە لە كوشتنی خۆپیشاندەران كە بەهۆی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان رژابوونە سەر شەقامەكان، لە بارەی توركیاشەوە ئەندامانی یەكێتییەكە هاوڕان كە لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا سزای بەسەردا بسەپێنن، بەهۆی ئەو كێشانەی لە ئاوەكانی سنووری یۆنان و قوبرس دروستیكردووە بەتایبەت ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی.

پرسی كۆچبەرانیش یەكێكی دیكەیە لە رەخنەكانی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیەكە لەسەر توركیا، بەتایبەت كە توركیا پابەند كراوە بە پاراستنی سنوورەكانی، بەڵام بەلێشاو كۆچبەران رووە و یۆنان و ئەوروپا دەنێرێت و وەك كارتێكی فشار بەرامبەر ئەوروپا بەكاری دەهێنێت.


Qaiwan
Qaiwan