راپۆرت

ریهام- كچە چالاكوانەكەی بەسڕە بۆچی كوژرا؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ریهام- كچە چالاكوانەكەی بەسڕە بۆچی كوژرا؟
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

پێش كوژرامی ریهام یەعقوب، كچە چالاكوانی بەسڕە، ئاژانسی میهری ئێران راپۆرتێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا چەند چالاكوانێكی عیراقی تۆمەتبار دەكات بەوەی بەكرێگیراوی ئەمەریكان، هەروەها مامەڵەیان لەگەڵ كونسوڵی ئەمەریكا هەبووە.

پێشتر میدیایەكی فەرمی ئێران ناوی چەند چالاكوانێكی بڵاوكردەوە
لەو راپۆرتەدا ناوی چەند چالاكوانێكی عیراقی هاتووە، كە لەنێویاندا كچە چالاكوان و پزیشك ریهام یەعقوب هەبوو، كە ئێوارەی چوارشەممە تیرۆركرا.
چەند چەكدارێكی نەناسراو لەشاری بەسڕەی باشووری عیراق ئێوارەی چوارشەممە ئەو كچە چالاكوانەیان كوشت، ئەوەش دووەمین تیرۆری چالاكوانان بوو لەماوەی چەند رۆژێكدا.
میدیا عیراقیەكان باس لەوە دەكەن، چەكدارە نەناسراوەكان ریهام یەعقوبیان لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا لەگەڕەكی "رەزا" لە بەسڕە كوشتووە كاتێك لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا بووە و ئۆتۆمبێلەكە وەستاوە، بەوهۆیەوە هاوڕێیەكی برینداربووە.

هەینی رابردووش چالاكوانێكی دیكەی بەسڕە تیرۆركرا
كوشتنی ئەو كچە چالاكوانەی بەسڕە لەكاتێكدایە، رۆژی هەینی رابردوو چەند چەكدارێكی نەناسراو لە بەسڕە، بە دەمانچەی بێدەنگ تەحسین عەلییان كوشت كە ئەویش چالاكوانی مەدەنی بوو.
رەهام پزیشكی بواری خۆراك بوو، پێش ئەوەی تێكەڵ ببێت بە خۆپیشاندانەكانی شارەكەی كە لەلایەن گەنجانەوە هەڵگیرسابوو، هۆكارەكەشی گەندەڵی و بێكاری و هەژاری خەڵكی شارەكەی و عیراقییەكان بوو.

چەندین چالاكوانی مەدەنی لەمیانی خۆپیشاندانەكانی عیراقدا تیرۆركران
دوای دوو مانگ لەسەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی عیراق كە لەمانگی 10 ی ساڵی رابردوو سەریانهەڵدا، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عیراق دەستیلەكاركێشایەوە، لەمیانی خۆپیشاندانەكانیشدا چەندین چالاكوانی مەدەنی تیرۆركران، بەڵام زۆربەیان لەلایەن چەكدارە نەناسراوەكانەوە بوون و بەتایبەتیش لەمدواییەدا رووداوەكان زیادیانكرد.

كازمی هەڕەشە لە بكەرانی تیرۆر دەكات
رۆژی چوارشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەهۆی رووداوەكانی تیرۆركردنی چالاكوانانی عیراق چەند بەرپرسێكی عیراقی لەپۆستەكانیان دوورخستەوە، هەڕەشەشی لەو كەسانە كرد كە چالاكوانان دەكەن ئامانج.
كازمی لەتویتەر نووسی "فەرماندەی پۆلیسی بەسڕە و چەند بەرپرسێكمان دوورخستەوە، ئەویش بەهۆی ئەو رووداوە تیرۆركردنانەی روویاندا".

لەو خۆپیشاندانانەی لە ساڵی رابردووەوە سەریانهەڵداوە چەندین چالاكوان تیرۆركراون
لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی عیراق كە لە مانگی 10 ی ساڵی رابردووەوە سەریانهەڵدا، بەوتەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق 560 كەس كوژراون، بەشێكیش لەو كوژراوانە چالاكوانانی مەدەنی بوون.

دۆسیەی تیرۆری چالاكوانان فشارێكە لەسەر حكومەتەكەی كازمی
تیرۆری چالاكوانان یەكێكە لەو دۆسیانەی فشارێكە لەسەر حكومەتەكەی كازمی، بەتایبەت كە ناوبراو  شەڕی دژ بە گروپە میلیشیا شیعەكان و حەشدی شەعبی دەستپێكردووە، دەیەوێت چەك لەدەستی ئەو گروپانەدا نەمێنێت و هەژموونیان لاواز بكات.

Qaiwan
Qaiwan