کوردستانی

فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا: ئامادەین بۆ دەستلەكاركێشانەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا: ئامادەین بۆ دەستلەكاركێشانەوە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت"جەخت لەسەر ناوەرۆكی راگەیەندراوی پێشووی فراكسیۆن لە 20/8 دەكەینەوە و دوپاتی دەكەینەوە كە كابینەیەی (نۆ)ی حكومەتی هەرێم شكستی خواردووە و ئەجێنداكانی دژی خەڵك و فەرمانبەران و ئازادیخوازانە و دەبێ گۆڕان لێی بكشێتەوە".

لە راگەیەندراوێكدا فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا ئەوەشیان خستووەتەڕوو "سەبارەت بەو قسانەش كە بەناوی رێكخەری گشتیی لەناو جڤات و بە نارەسمیی بڵاوكراونەتەوە و گوایە داوای دەستلەكاركێشانەوەی ئێمەی كردوە، دەمانەوێ بە روونی رایبگەیەنین كە ئێمە ئەگەرچی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵكین و بە دامەزراندن پۆستمان وەرنەگرتووە، بەڵام  هەمومان ئامادەین دەستبەجێ دەستلەكاربكێشینەوە".

دەقی راگەیەندراوەكە
راگەیەندراوێك لە فراكسێۆنی گۆڕانی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراقەوە
‎دوا بەدوای كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی  5/ 9/ 2020 فراكسیۆنی گۆڕان بە ئامادەبونی تێكرای ئەندامەكانی لە شاری بەغدا كۆبوەوە و تیایدا ئەم خاڵانەی خوارەوە ئاراستەی رایگشتیی و جەماوەری گۆڕانخوازی كوردستان دەكات :
‎یەك: جەخت لەسەر ناوەرۆكی راگەیەندراوی پێشوی فراكسێۆن لە ۸/۲٠ دەكەینەوە و دوپاتی دەكەینەوە كە كابینەیەی (نۆ)ی حكومەتی هەرێم شكستی خواردوە و ئەجێنداكانی دژی خەڵك و فەرمانبەران و ئازادیخوازانە و دەبێ گۆڕان لێی بكشێتەوە.
‎سەبارەت بەو قسانەیش كە بەناوی رێكخەری گشتیی لەناو جڤات و بە نارەسمیی بڵاوكراونەتەوە و گوایە داوای دەستلەكاركێشانەوەی ئێمەی كردوە، دەمانەوێ بە رونی رایبگەیەنین كە ئیمە ئەگەرچی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵكین و بە دامەزراندن پۆستمان وەرنەگرتوە، بەڵام  هەمومان ئامادەین دەستبەجێ دەستلەكاربكێشینەوە ئەگەر بڕیار بەدەستانی ئێستای گۆڕان بڕیار بدەن لە حكومەتی هەرێم بكشێنەوە و رێكخەر و خانە جێگەكانیان بۆ خەڵكی شایستە چۆڵبكەن، هیچ كام لە ئێمەش چاومان لە هیچ پۆستێكی حزبیی و حكومی و پەرلەمانی نیە و وەك گۆڕانخوازێكی ئاسایی دەمێنینەوە، بەڵام لە هەر پێگە و جێگەیەكدا بین داكۆكی سەرسەخت لەو فكر و بنەما سەرەتاییانە دەكەین كە گۆڕانمان بۆ دامەزراند.
‎دو: نیگەرانین لەو ئاستە نزمە لە مامەڵەكردن لەگەڵ نوێنەری فراكسێۆنی گۆڕان كە لە كۆبونەوەی جڤاتدا كراوە و، جێگەی هەڵوەستەی جدیمانە لەبری لێپرسینەوە لە تیمی گۆڕان لە حكومەت بەتایبەت لە پرسی لێبرینی موچەی فەرمانبەران كە سیستمێكی زۆرەملێی نایاساییە و سەپێنراوە، بەڵام لە بری ئەوە پەلامارێكی ئاست نزمی فراكسێۆنەكەی ئێمە دراوە كە سەرسەختانە داكۆكی لە ماف و موچە و ژیانی هاوڵاتیان لە هەرێم و بەغدا دەكات و راستگۆیانە بەرگری لە پرەنسیپەكانی گۆڕان دەكات.
‎سێ: ئێمە بە هەستكردن بە نیگەرانیی خەڵك  داوامان كردوە كە گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە، ئەمەشمان بە بەیاننامە و روبەڕوش  لە كۆبونەوەی جڤات دوپاتكردۆتەوە، بەڵام بێ هیچ دەنگدان و راپرسی و رێزگرتنێك لەو داوایە، وتەبێژی گۆڕان مانەوەی گۆڕانی لە حكومەت راگەیاند و شیوازی مامەڵەكەشیان لەگەڵ نوێنەری فراكسێۆن دەرخەری داخستنی دەرگای گفتوگۆیە لەسەر ئەو بابەتە لە لایەن ئەوانەوە و ئەمەش وایكرد كە پەیوەندیەكانمان لەگەڵیاندا هەڵپەسێردرێت.
‎چوار: فراكسێۆنی گۆڕان لە كۆبونەوەكەیدا جەختی لە چەند پرسێك كردەوە كە چالاكانە كاریان لەسەر دەكات وەك پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەكانی ۲٠۲٠ و ۲٠۲۱ و ، یاسا هەستیارەكانی وەك هەڵبژاردن و دادگای فیدراڵی.
‎هەروەك فراكسێۆن بە دواداچونی تەواو دەكات بۆ پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم  و شایستە داراییەكانی جوتیاران و هەمو ئەو مافەدەستوریانەی كە هەرێم هەیەتی.
 دەمانەوێ رونبێ كاری لە پێشینەی ئێمە ئەوەیە داكۆكی لە خەڵك و دەنگدەری خۆمان بكەین لە سەر ئاستی عێراق، بەڵام لە هەمانكاتیشدا لە هەرێم شەر لەسەر گەیشتنی ئەو ماف و شایستانە  بە هاوڵاتیان دەكەین و لە بەغدا و هەولێر چاوپۆشی لە هیچ گەندەڵی و بەفیرۆدانێك ناكەین.
فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 
۷ی ئەیلولی ۲٠۲٠

Qaiwan
Qaiwan