کوردستانی

‎ قۆناغی دووەمی بایۆمە‌تری دە‌ستيپێكرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


‎ قۆناغی دووەمی بایۆمە‌تری دە‌ستيپێكرد
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

رۆژی دووشە‌ممە‌ 2020/9/7، قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سە‌رپە‌رشتی یە‌كە‌م كۆبوونە‌وە‌ی قۆناغی دووەمی لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تریی كرد.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، "لە‌ كۆبوونە‌وە‌كە‌دا كە‌ وە‌زیری دارایی و ئابوری ئامادە‌ی بوو، گفتوگۆ لە‌بارە‌ی دە‌ستپێكردنە‌وە‌ی جێبە‌جێكردنی قۆناغی دووەمی بایۆمە‌تری كرا، بە ‌ئاڕاستە‌‌ی بە‌رجە‌ستە‌كردنی حكومە‌تی ئە‌لیكترۆنی بە‌ سودوە‌رگرتن لە ‌تە‌كنە‌لۆژیای زانیاری لە ‌بە‌ڕێوە‌‌بردنی دامودە‌زگاكانی حكومە‌ت و فراونكردنی پرۆگرامە‌كە‌ تا بوارە‌كانی تریش بگرێتە‌وە‌ و ببێتە‌ یارمە‌تیدە‌رێكی سە‌رە‌كی بۆ جێبە‌جێكردنی كردارە‌كی چاكسازی و بە ‌ئە‌لیكترۆنی كردنی داموودە‌زگاكانی حكومە‌ت و هێنانە‌ كایە‌ی شێوازێكی نوێی خزمە‌ت و حوكمڕانیی دروست".

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە "كۆبوونە‌وە‌ بڕیاریدا لیژنە‌یە‌ك بۆ بە‌ردە‌وامیدان بە‌ پاككردنە‌وە‌ی لیستی مووچە‌خۆران و یە‌كلا‌كردنە‌وە‌ی فرە‌مووچە‌ی نایاسایی پشتبە‌ستوو بە‌ یاسایی چاكسازی پێكبهێنرێت، بۆ ئە‌ومە‌بە‌ستە‌ش فە‌رمانگە‌ی هە‌ماهە‌نگی و بە‌دواداچوون و فە‌رمانگە‌ی تە‌كنە‌لۆژیای زانیاری و وە‌زارە‌تی دارایی بۆ جێبەجێكردنی بە‌م ئە‌ركە‌ راسپێردران".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران بڕیاریدا بە ‌ڕچاوكردنی رێكارە‌ یاساییە‌كان دە‌ست بە‌ تۆماركردنی ئە‌و مووچەخۆرە‌ شایستانە‌ی بكریت، كە‌ هێشتا لە‌ سیستە‌می بایۆمە‌تری تۆمار نە‌كراون، هە‌ر لە ‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، بڕیاردرا وە‌زارە‌تی دارایی و ئابووری ئاسانكاری لە‌ پرسی تۆماركردن و دیاریكردنی فە‌رمانبە‌رانی تۆماركردن‌ بكات، بۆ ئە‌وە‌ی تەنیا ئە‌و مووچە‌خۆرانە‌ تۆمار بكرێن كە‌ یاسایین وتۆمارنە‌كراوون و بڕیار لە‌سەر تۆماركردنیان دە‌درێت".

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەشدا هاتووە "پاش كۆتایی هاتنی قۆناغی یە‌كە‌می بایۆمە‌تری بە‌ تۆماركردنی مووچە‌خۆرانی هە‌رێمی كوردستان‌ لە‌ سیستە‌مێكی ئە‌لیكترۆنی ناوە‌ندیدا، لیژنە‌ی باڵا دە‌ستی بە‌ جێبە‌جێ كردنی قۆناغی دووە‌می سیستە‌مە‌كە كرد"‌.



Qaiwan
Qaiwan