کوردستانی

كۆبوونەوەكانی هەرێم و بەغدا دە‌ستیپێكرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


كۆبوونەوەكانی هەرێم و بەغدا دە‌ستیپێكرد
مەودا میدیا-

یەكەم كۆبوونەوەی وە‌فدی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان بە‌ سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەفدی باڵای حكومەتی فیدراڵ بە سەرۆكایەتی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی بەڕێوەچوو. 

سە‌میر ھە‌ورامی وتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند "لەپاش گەیشتنیان بۆ بەغدا، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 8 ئەیلولی 2020 یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو وەفدی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە ‌بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان، بە‌تایبە‌ت پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم و چۆنییە‌تی جێگیركردنیان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 بە‌ڕێوە‌چوو".

سە‌میر ھە‌ورامی وتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان".

وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئە‌وە‌شی راگە‌یاند "كە‌ چاوەڕوان دەكرێت ئەم لیژنانە سەرەنجامی بەدواداچوون و گفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددە‌‌كانی دەستوری عێراق بخەنە بەردەستی وەفدی باڵای هەردوولا بۆ ئە‌وە‌ی رێككە‌وتنیان لە‌بارە‌وە‌ بكرێت".

 ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا "كە‌ حكومە‌تی ھە‌رێم ئامادە‌یی دە‌ربڕیوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی فیدراڵی سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی داھاتی نە‌وتی و نا نە‌وتی و داھاتی دە‌روازە‌ سنوورییە‌كان".


س.س
Qaiwan
Qaiwan