کوردستانی

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی خوێندنی ئۆنلاینەوە دێتە دەنگ

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی خوێندنی ئۆنلاینەوە دێتە دەنگ
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

 لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە نوسراوێكیاندا كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنیان كردووە، داوا دەكەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم بكات چاو بە بڕیاری خوێندنی ئۆنلایندا بخشێنێتەوە كە دەربارەی چەند پۆلێكی خوێندن داویەتی.

لەوبارەیەوە، سێوە حەمەخدر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی "خوێندن پێویستی بەكەش وژینگەیەكی ئارام و دەروونێكی تەندرووستە بۆیە وەزارەتی پەروەردەمان ئاگاداركردەوە لەسەر گرفتەكانی بەردەم خوێندنی ئۆنلاین كە بەبێ دابینكردنی شایستە داراییەكانی مامۆستایان نەك ئۆن لاین هیچ سیستەمێك سەركەوتوو نابێت".

لە نوسراوەكەدا ئەو ئەندامانەی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنن "سەركەوتنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە بە دامەزراندنی مامۆستا و پسپۆڕی پەروەردەیی پێویست دەبێت لەگەڵ دابینكردنی شایستە داراییەكانی مامۆستایان".

جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "27ی ئەم مانگە دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت بۆ خوێندكارانی 12ی ئامادەیی لەناو هۆڵەكانی خوێندن بەگرتنبەری رێوشوێنە تەندروستییەكان".

ئاماژەی بەوەشكرد "بۆ ساڵی نوێی خوێندن قۆناغەكانی 1 و 2ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی لەناو هۆڵەكانی خوێندن دەبن، بەڵام قۆناغەكانی دیكە بەشێوەی ئۆنلاین وانەكان دەخوێنن".

ئەوەشی خستەڕوو "رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی داهاتووش پرۆسەی خوێندن بۆ خوێندكارانی 1 و 2ی بنەڕەتی لەناو هۆڵەكانی خوێندن دەستپێدەكات"

Qaiwan
Qaiwan