کوردستانی

سەرۆكی حكومەت: خۆشحاڵم بە سەردانی مستەفا كازمی

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆكی حكومەت: خۆشحاڵم بە سەردانی  مستەفا كازمی
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كورستان رایدەگەیەنێت خۆشحاڵە بە سەردانی مستەفا كازمی بۆ هەرێم، باس لەوەشدەكات سەردانەكە ئاماژەیەكی ئەرێنییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ".

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك نوسیویەتی "ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/9/10 بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازیمان لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و شاندێكی یاوەری كرد" .

هەر لە نوسینەكەیدا ئاماژەی بەوەشداوە "لە كۆبوونەوەكەدا خۆشحاڵی خۆمان بە سەردانی سەرۆك وەزیرانی عیراق نیشاندا و بە ئاماژەیەكی ئەرێنی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیمان دانا و جەختمان لەوە كردەوە، كە كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی تەنیا مووچە و بودجە نییە و هیوادارین هەموو كێشەكە هەڵپەسێردراوەكان لە ئایندەیەكی نزیكدا بەشێوەیەكی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن. وتمان مووچەی فەرمانبەران لە هەرێم بێت یان هەر ناوچەیەكی دیكەی عیراق، مافێكی ڕەوای خەڵكە و پێویستە تێكەڵی كێشە سیاسییەكان نەكرێت". سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستووەتەڕوو "جەختیشمان لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان و عیراق بە گشتی رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و قەیرانی دارایی و دۆخی نالەباری تەندروستی بوونەتەوە بۆیە ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان دەردەبڕین بە شێوەیەك كە لە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتییانی عیراقدا بێت، جەختیشمان لە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی بودجە و نەوت و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەكانی پێشمەرگە كردەوە ، بەتایبەتی كاراكردنی میكانیزمی هەماهەنگی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش".

لە كۆتایی نوسینەكەشیدا مەسرور بارزانی رایگەیاندووە "سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوە كرد كە هاتنی ئەو شاندە گەورە و گرنگەی حكومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان، ئاماژەیەكی بە هێزە بۆ ئامادەییمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دانانی بنەمایەكی نوێ و پتەو بۆ پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی و گوتی سەركەوتنی هەر بەشێكی عیراق سەركەوتنە بۆ هەموو عیراق و من گەشبینم كە بە هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەموو پێكهاتە و بەشەكانی عیراق، دەتوانین بە سەر ئاستەنگەكان سەربكەوین و ئێستاش دەرفەت و تێگەیشتنێكی نوێی باش هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان" . 


Qaiwan
Qaiwan