کوردستانی

خاوەنپێداویستیە تایبەتەكان ناڕەزایەتیەكانیان دەبەنە هەولێر

مەودا میدیا - سلێمانی |


خاوەنپێداویستیە تایبەتەكان ناڕەزایەتیەكانیان دەبەنە هەولێر
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

ژمارەیەك لە خاوەنپێداویستییە تایبەتەكان بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لە دواكەوتن و دەنگۆی بڕینی موچەی ژمارەیەك لە كەمئەندامان و گەیاندنی چەند داواكارییەك لە سلێمانییەوە چوونە هەولێر، سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانیش دەڵێـت هێزێكی زۆری ئەمنییان بۆ كۆكراوەتەوە.

 سامان حسێن، سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە مەودا میدیای وت "ئەمڕۆ لە شاری سلێمانییەوە هاتووین بۆ گەیاندنی پەیامی كەمئەندامان بۆ هەولێر، بەداخەوە وەك ئەوەی بانگهێشتی روخاندنی حكومەتمان كردبێت، نزیكەی 50 ئۆتۆمبێل پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان بڵاوەیان پێكراوە بە درێژایی چەند كیلۆمەترێك".

وتیشی "یاداشتی كەمئەندامانمان لەبەردەم سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر خوێندەوە، دوای زیاتر لە ساڵێك لە دروستبوونی ئەم كابینەیە بەردەوامە لە برسیكردنی كەمئەندامان بۆیە ناڕەزایی لە هەولێر دەستپێدەكەینەوە، بەهیچ جۆرێكیش رێگە نادەین بەدەستكاریكردنی موچەی كەمئەندامان لەژێر ناوی چاكسازی، ئێمە هەمیشە لە چاكسازییەكانیان ترساوین چونكە بۆ بڕینی قووتی خەڵك بووە نەك چاكسازی".

سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو "دواكەوتنی موچەی كەمئەندامان قبوڵ نەكراوە و لەگەڵ هەموو دواكەوتنێكی موچەدا خۆپیشاندان دەكەین، زیاتر لە 23 هەزار كەمئەندام لە 2013 ەوە بێبەش كراوە لە موچە، بۆیە دەبێت موچەیان بۆ ببەسترێت، داواكارین هەر خێزانێكی كەمئەندام بەرمیلێك نەوتی پێبدرێت، لە چاوەڕوانی بەڵێنەكەی سەرۆكی حكومەتین كە دەڵێت دەبێت خاوەنپێداویستییەكان ژیانێكی شایستەیان هەبێت، لەكۆتایدا دوپاتیدەكەینەوە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ئەم خاڵانەدا دەڕۆین".
Qaiwan
Qaiwan