کوردستانی

نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا کرایەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا کرایەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان کۆڤید 19 لە قەزای سۆران تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا کرایەوە، وەک بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی پێدەکات کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە ئەرکی گواستنەوەی نەخۆشی لەسەر ئەوان لابردووە.

جەواد مەهدی، بەڕێوەبەری سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان کۆڤید 19 لە قەزای سۆران بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا لە قەزای سۆران کرایەوە بۆ هەر چوار قەزای سۆران و رەواندز و مێرگەسور و چۆمان، کە نزیکەی 70 قەرەوێڵەتی تێدایە".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە سەرەتادا ئێمە دەتوانین 30 تا 40 نەخۆش دەتوانین وەربگرین، هەروەها بوتڵی ئۆکسجینی و بەشێکی باش لە پێداویستییە پزیشکییەکانی تێدایە، بەڵام هەندێک کەموکوڕیشمان هەیە ئەویش بەپێی کات پڕدەکرێنەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە ئەرکی گواستنەوەی نەخۆشی لەسەر ئێمە لابرد، هەروەها ئەو خەرجییەش بۆ ئێمە گەڕایەوە کە لە گواستنەوەی نەخۆشدا خەرج دەکرا".

جەواد مەهدی  وتی "لە قەزای سۆران 1700 تووشبووی کۆرۆنا هەیە لەو ژمارەیەش 35 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیان چاکبوونەتەوە و نزیکەی 20 کەسیشیان لە شاری هەولێر لەژێر چاودێریدان، هەروەها بەشێک لە تووشبووانیش لەماڵەوە خۆیان کەرەنتینە کردووە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan