کوردستانی

بەشی كوردی زانكۆیەك لە كوردستان بەتەواوی دادەخرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


 بەشی كوردی زانكۆیەك لە كوردستان بەتەواوی دادەخرێت
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

ئەنجومەنی بەشی زمانی كوردی زانكۆی چەرموو، لە یاداشتێكدا كە ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەروەها لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان و رۆشنبیران و مامۆستایانیان كردووە، رایدەگەیەنن كە بەشی كوردی لەلایەن ئەنجومەنی زانكۆی چەرموو بەیەكجاری داخراوە.

لە یاداشتە ناڕەزایەتیەكەی ئەنجومەنی بەشی زمانی كوردی زانكۆی چەرموو دا هاتووە "بەداخەوە بەرپرسانی زانكۆی چەرموو لەجیاتی ئەوەی لە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالكراوان خزمەتی زیاتری زمان و مێژوو و كولتوری نەتەوەییمان بكەن و ببنە فاكتەری ژیانەوە و دروستكردنی هەستی خۆشویستنی زمان و ئەدەب و كولتور و مێژووی نەتەوەییمان، كەچی بە پێچەوانەوە سیاسەتی بێ بەهاكردن و سڕینەوەی زمان و ئەدەب و كولتور و شوناسی نەتەوەییمان پەیڕەو دەكەن".

هەر لە یاداشتەكەدا هاتووە "داواتان لێدەكەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە رۆڵی خۆتان ببینن، چونكە دەبێتە سەرەتایەكی خراپ بۆ دەستبردن بۆ پیرۆزییەكانی نەتەوەكەمان كە باڵاترینیان زمانەكەمانە".
Qaiwan
Qaiwan