کوردستانی

بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ پەرلەمان شكست دەهێنێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ پەرلەمان شكست دەهێنێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت تەنها یەک واژۆ ماوە بۆ بابەتی پرساندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و وەزیری دارایی  لەسەر بڕینی موچەی فەرمانبەران، ئاماژەی بەوەشکرد پەرلەمانتار دەبێ لەناو هۆڵی پەرلەمان شەڕی ماف و گوزەرانی دەنگدەرەکانی بکات .

عەبدولستار مەجید، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بۆ بابەتی پرساندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و وەزیری دارایی لەسەر بڕینی موچەی فەرمانبەران تا ئێستا (22 ) پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی (یەکگرتوو، نەوەی نوێ، کۆمەڵ، ئازادی، سەربەخۆکان، گۆڕان "دوو ئەندام") واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کردووە".

ئەوەشی خستەڕوو "کاری پەرلەمانتاری و نوێنەرایەتی حەقیقی خەڵک ئەمەیە، لەبری موزایەدە و هاتوو هاواری سەر شاشەکان، پەرلەمانتار دەبێ لەناو هۆڵی پەرلەمان شەڕی ماف و گوزەرانی دەنگدەرەکانی بکات ".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "یاداشتەکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان پێویستە (23) پەرلەمانتار واژۆی بکات، ئەگەرچی لە یاداشتی پێشوودا کە سەرۆکی پەرلەمان لەبەر هەندێ پاساوی بێ بنەما رەتیکردەوە، چەند بەڕێزێک لە فراکسیۆنی یەکێتی واژوویان کردبوو، بەڵام ئەمجارە کەسیان ئامادەی واژۆکردنی یاداشتەکە نین کە هیوادارین بێن و لەگەڵمان هەمووان پێکەوە شەڕی ماف و ژیان و گوزەرانی خەڵک بکەین و لە حکومەتێک بپرسینەوە کە بەبێ هیچ یاسا و رێنماییەک 21%ی مووچەی خەڵکی بڕیوە بەبێ ئەوەی وەک قەرز و پاشەکەوت حسابی بکات، کە ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەیبڕن و کەسیش بەتەمای دانەوەی نەبێ هیچ کات ".

س.س
Qaiwan
Qaiwan