کوردستانی

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوار شەممە 2020/9/16 بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەکە کۆتایی هات بێ ئەوەی هیچ بڕیارێک لەسەر دابەشکردنی مووچە بدرێت.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا، كە ئەمڕۆ بە شكۆوە یادی شەهیدانی كوشتارگەی گوندی سۆریای سەر بە قەزای زاخۆ دەكەینەوە، كە لە 16ی ئەیلوولی 1969 رژێمی بەعس تاوانێكی گەورەی ئەنجام دا و چەندین كەس لە هاووڵاتیانی مەسیحی و موسڵمانی گوندەكە شەهید بوون.

پاشان سەرۆك وەزیران تیشكی خستە سەر سەردانی سەرۆك وەزیرانی عیراق (مستەفا كازمی) بۆ هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوەدا، كە ئەم سەردانە بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەبینین لە پێناو چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای دەستوور، كە هیوادارین بە كردەیی گفتوگۆكان بگەنە ئەنجام و لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت.

وتیشی "كێشەكان تەنیا مووچە و شایستەی دارایی ھەرێم لە بودجە نییە، بەڵكو جیا لە كێشەكانی پەیوەست بە بودجە و نەوت، ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەكانی دیكەی ھەرێم و پێشمەرگە، چەند تەوەرێكی دیكەی ناكۆكیەكانە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی".

لای خۆشیەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پوختەیەكی ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە بودجە و وزە خستە ڕوو. ئاماژەشی بەوەدا، كە گفتوگۆكان بەو ئاڕاستەیە بەردەوامن، كە ڕێككەوتنێكی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت.

پاشان ھەر یەك لە وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری دانوستان و سەرۆكی دیوان و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، پوختەی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراقی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2020 خستەڕوو ، كە لە ڕۆژی 14 ی ئەیلوولی 2020 لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پەسەند كرا و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرا. تیشكیان خستە سەر ئەو ماددە و بڕگانەی پرۆژەكە، كە پەیوەندییان بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی بنەماكانی ستراتیجی گشتی بودجەی فیدڕالی عیراق كرا بۆ ساڵەكانی 2021 تا 2023 كە لیژنەیەكی باڵای بۆ پێكهێنراوە و هەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدارە، لەم تەوەرەشدا وەزیری پلاندانان روونكردنەوەی پێویستی پێشكەش كرد و ئەنجومەنی وەزیرانیش وەزارەتەكانی ڕاسپارد، كە ھەماھەنگی لە گەڵ ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان بكەن بۆ ئەو مەبەستە، تا ھەرێمی كوردستان بەشدارییەكی كاریگەری هەبێ لە داڕشتنی ستراتیجیەتی بودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان.

س.س
Qaiwan
Qaiwan