سەرۆكی ئێران دەسەڵاتی ماوە یان تەنها كات بەڕێدەكات ؟

مەودا میدیا-
لە دووهەمین ساڵیادی سەرۆكایەتییەكەیدا، مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران پەیامێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند” من لێرەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەكییەكان”.

سەرۆك كۆماری ئێران لە سەرەتای پەیامەكەیدا كە تا ئێستا بە دوو بەش پەخشكراوە و دوو بەشی دیكەشی ماوە بڵاوبكرێتەوە، بە پەندێكی بەناوبانگی فارسی دەستیپێكرد كە دەڵێت” ئەوەی روونە پێویستی بە هیچ روونكردنەوەیەك نییە”، دواتریش باسی ئەو قەیرانانەی كرد كە لە ئیبراهیم رەیسی، سەرۆكی كۆچكردووی پێش خۆیەوە بۆی ماوەتەوە، لە كورتهێنانی كەرتی وزە و گازەوە تا قەیرانی وشكەساڵی و چەندین بابەتی دیكە كە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ئەركی حكومەتەكەی قورس كردووە”.

پزیشكیان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” سەختترین تاقیكردنەوە كە رووبەڕووی بووەتەوە لە دوای دەستبەكاربوونی، سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بووە بەسەر وڵاتەكەیدا، كە زەمینەی بۆ هەڵگیرسانی شەڕی 12 رۆژە و شەڕی رەمەزان خۆش كرد كە بە تیرۆركردنی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای پێشووی ئێران لەگەڵ ژمارەیەك لە دیارترین سەركردەی سەربازی، سیاسی و ئەمنی ئێران كۆتایی هات”.

پزیشكیان لە گێڕانەوەی رووداوەكاندا باسی لە “رووخان”ی متمانەی بە گوتاری رۆژئاوایی سەبارەت بە مافەكانی مرۆڤ كرد، دوای ئەوەی ئەمەریكا و ئیسرائیل هاوڵاتیانی مەدەنی ئێرانیان كردە ئامانج.

بەڵام ئەوەی دوای پەیامەكە تا ئێستا بووەتە جێی پرسیاری میدیاكان ئەوەیە كە، ئایا پزیشكیان وەك سەرۆكێك بە دەسەڵاتی تەواوەوە قسەی كردووە، یان تەنها قەیرانێك بەڕێوە دەبات و كات بەڕێدەكات؟
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان