ئێران و عومان لە رێكەوتن بۆ كردنەوەی رێڕەوی نوێی كەشتیوانی نزیك دەبنەوە

مەودا میدیا-

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند” ئێران و عومان زۆر نزیكن لە گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر كردنەوەی رێڕەوێكی نوێی كەشتیوانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، لە كاتێكدا دانوستانەكان سەبارەت بە رێكخستنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بەردەوامن”.

عەباس عراقچی وتیشی” تاران و مەسقەت لە ئێستادا تاوتوێی رێگایەكی كاتی بۆ گواستنەوەی كاڵاكان لە رێگەی هورمزەوە دەكەن و گفتوگۆكانیش لە نێوان هێزی دەریایی ئێران و عومان، بە پشتبەستن بە نەخشە بەردەستەكان، بۆ دیاریكردنی رێگای نوێی كەشتیوانی دەكرێت”.

روونیشی كردەوە” پلانی پێشوو بۆ جیاكردنەوەی هاتوچۆی گەرووی هورمز بۆ تاران قبوڵكراو نییە و بۆیە پێویستە رێڕەوێكی نوێ بۆ رێكخستنی هاتوچۆی كەشتییەكان بدۆزنەوە”.

سەبارەت بە كردنەوەی گەرووی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند” ئەوە پەیوەستە بە كۆمەڵێك مەرجەوە، لەوانە قەرەبووكردنەوەی پێشێلكارییەكانی واشنتۆن بۆ یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئێران، چونكە پێشێلكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن و تێكدانی كۆنترۆڵی ئێران لەسەر گەرووی هورمز بە تەواوی قبوڵكراو نییە”.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە گەرووی هورمز تادێت گرنگی زیاتر بۆ بازرگانی و وزەی جیهانی پەیدا دەكات، بەو پێیەی رێڕەوێكی ئاوی سەرەكییە بۆ كەشتییە بارهەڵگرەكانی نەوت و گاز كە لە ناوچەی كەنداوەوە دێن و بەرەو بازاڕە جیهانییەكان دەڕۆن”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان