مەودا میدیا-
پسپۆڕێکی بواری دارایی و بانک ئاشکرایکرد لابردنی سێ سفر لەسەر دراوی عیراقی گۆڕانکارییەکی تەکنیکی و بەڕێوەبەرییە کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر باشترکردنی ژێرخانی نەختینەیی دەبێت، بەبێ ئەوەی بەهای راستەقینەی سەرمایەی هاوڵاتییان یان هێزی کڕین بگۆڕێت، ئەم پرۆسەیە کاریگەری لە چەند روویەکەوە دروست دەکات.
گوڵاڵە سدیق، پسپۆڕی دارایی و بانک بە مەودا میدیای راگەیاند “کاریگەرییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان لەسەر دارایی: بە لابردنی سێ سفر دەبێتەهۆی ئاسانکاریی لە ژمێریاری و سیستمی بانکی، چونکە ژمارە ملیار و تریلیۆنییەکان پەستانێکی زۆر دەخەنە سەر سیستمە ژمێریارییەکان، بەرنامەکانی بانک، و بودجەی گشتیی، وە بە لابردنی سفرەکان خەرجییەکانی بەڕێوەبردنی ژمێریاریی و ئەگەری هەڵەی مرۆیی لە ژمارە گەورەکاندا کەمدەکاتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “کەمکردنەوەی خەرجیی چاپ و گواستنەوەی پارە و قەبارە و بڕی ئەو دراوەی لە بازاڕدا دەگەڕێت زۆر کەم دەبێتەوە، ئەمەش خەرجییەکانی چاپی دراو، گواستنەوە، هەڵگرتن لە گەنجینەکان، و ڕێکخستنی نەختینە بۆ بانکەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت، ئاسانکردنی مامەڵەی رۆژانەی هاوڵاتییان، چونکە مامەڵە دراوییەکانی ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان سادەتر دەبنەوە و پێویستی بە هەڵگرتنی بڕێکی زۆر لە کاغەزی دراو نامێنێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “کاریگەری لەسەر هێزی کڕین و هەڵئاوسان، هێزی کڕین: لابردنی سفرەکان بەهای راستەقینەی دراوەکە بەرز ناکاتەوە و هێزی کڕین ناگۆڕێت،
بۆ نموونە: ئەگەر کیلۆیەک گۆشت بە(25 هەزار دینار) بێت و مووچەی کەسێک(یەک ملیۆن دینار) بێت، دوای لابردنی سفرەکان نرخی گۆشتەکە دەبێتە (25 دینار )و مووچەکەش دەبێتە (هەزار دینار) کە توانای کڕین هەمان شت دەمێنێتەوە، هەروەها کاریگەری لەسەر هەڵئاوسان: ئەم هەنگاوە بەتەنها کێشەی هەڵئاوسانی ئابووری چارەسەر ناکات، چونکە هەڵئاوسان پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، هەناردەکردن و سیستمی وەبەرهێنانەوە هەیە نەک لابردنی سفر”.
باسی لەوەشکرد “کاریگەری لەسەر پارە کاشەکانی دەرەوەی بانک: لە کاتی ئاڵوگۆڕ کردنی دراو کۆنەکە بە نوێیەکە، بەشێک لە نەختینە شاردراوەکان ناچار دەبن بە کەناڵە بانکییەکاندا تێپەڕن بۆ گۆڕینەوەیان بە چاپی نوێ، بەمەش حکومەت دەتوانێت هەموو ئەو نەختینانەی لەدەرەوەی خەزنەی بانکەکان و لەلایەن بەرپرسان دەستی بەسەردا گیراوە بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، واتە حکومەتی فیدراڵ لەڕووی کۆکردنەوەی نەختینەوە ئامانجی راستەخۆ دەپێکێت”.
وتیشی “گۆڕینی جۆری دراو کارێکی ئاساییە، زۆرینەی وڵاتان چەند ساڵ جارێک جۆری دراوەکانیان دەگۆڕن بە ئامانجی کۆکردنەوەی ئەو کاشانەی لە دەرەوەی سیستمی بانکین، وە دەوڵەتی عیراقیش بە هەنگاونانی بۆ کارێکی وا لەم دۆخەدا کە لە کۆی زیاتر لە (100 تریلیۆن دینار) تەنها نزیکەی (30 تریلیونێک) لەبەردەست حکومەتە بۆ مووچە و پڕۆژەکان، وە بەهۆی بوونی ئەو (70 تریلیۆن)ە لەدەرەوەی سیستمی بانکی بووە بەهۆی یاریکردن بە بازاڕی دراو لە عیراقدا، کەواتە باشترین کارێک کە عەلی زەیدی لە ئێستادا دەستی بۆ ببات هاوتەریب بە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت لابردنی سفری دینارە بۆ کۆکردنەوەی نەختینەی ژێر زەمین و بیر و تەنور و باخ و مەلەوانگەکان لەدەستی دەوڵەت”.
ب ح