بەكارهێنانی هێدفۆن تاچەند زیان بە گوێ دەگەیەنێت؟

هێدفۆن بووەتە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانەمان، جا چ بۆ گوێگرتن لە مۆسیقا، پەیوەندیكردن، سەیركردنی ڤیدیۆ، یان یاریكردن بێت، بەڵام با بزانین چی بكەین تا كەمترین زیان بە گوێ بگەیەنێت؟

دكتۆر ئەحمەد الحاج، راوێژكاری قوڕگ و گوێ و لووت دەڵێت” ناكرێت هیچ هێدفۆنێك لە سەدا سەد سەلامەت بێت، بەڵام ئەو هێدفۆنانەی گەورەن باشترن بە تایبەت ئەوانەی رێگری لە گەیشتنی ژاوەژاو و دەنگی دەوروبەر دەكەن”.

ئەو دكتۆرە دەشڵێت” هێدفۆنی بچووكی ناو گوێش مەترسیدار نییە، بەشێوەیەك ئەگەر هێدفۆنی ناو گوێ كاتێك بە دەنگی نزم بەكاردەهێنرێت، سەلامەتترە لە هێدفۆنی گەورە كاتێك كە بە دەنگی زۆر بەرز بەكاردەهێنرێت”.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەكارهێنانی درێژخایەنی هێدفۆنی ناو گوێ، ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەی بەكتریا دروست دەكات و دەبێتە هۆی خورانی پێست و هەوكردن، هەروەها رێگری دەكات لە دەرچوونی چڵك و مۆمی ناو گوێ و زیاتر بۆ ناوەوە دەیگەڕێنێتەوە ئەوەش دەبێتە هۆی هەستكردن بە گیرانی گوێ یان لەدەستدانی بیستن و زیان بە تەندروستی گوێیەكانیش دەگەیەنێت”.

رێكخراوی تەندروستی جیهانیش دەڵێت” گوێیەكان سەلامەت نابن ئەگەر ئاستی گوێگرتن لە هیدفۆن لە 80 دیسیبڵ زیاتر بێت و ماوەی 40 كاتژمێر لە هەفتەیەكدا زۆرتر بێت، بۆیەش پێویستە هەم بەكارهێنانی و هەمیش دەنگی لە كاتی بەكارهێناندا كەم بكەینەوە.
لە عەرەبییەوە، ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان