مەودا میدیا-
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات سەبارەت بە تەواوبوونی تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا ئاشکرایکرد پلانیان داناوە کە لەم مانگەدا تێکەڵبوونەوە تەواو کۆتایی بێت.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند “کورد لە بنیادنان و سەربەخۆیی دەوڵەتی سوریا نەبوونە بەشێک لە دەوڵەت، بەڵام ئێستا دەرفەت دروستبووە کە کورد ببێتە بەشێک لە بنیاتنانی سوریای نوێ، ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستییان بە پشتیوانیی هەرێمی کوردستانە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ماوەی 15 ساڵە لە رۆژئاوای کوردستان زمانی کوردی بووەتە زمانی خوێندن و تاوەکو زانکۆش، لەبەرئەوە، ناتوانین بگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە زمان ببێتە بژاردە یان پێیبگوترێت زمانی ئارەزوومەندانە”.
ئەوەشی خستەڕوو “لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە هاتوون بۆ بەرگریی لە رۆژئاواو شەهید هەیە و لە گۆڕستاندا دا بە رێزەوە نێژراون، باشووری کوردستان لەپیشتر رۆڵی باشی گێڕاوە و دەتوانێت لە ئێستا و داهاتووشدا رۆڵی باشتر بگێڕێت”.
باسی لەوەشکرد “بەپێی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، هێزی کوردی هەیە، لیوای دێرک ، لیوای قامشلۆ، لیوای حەسەکە و لیوای کۆبانێ هەن، ئێستاش کار لەسەر ئەوە دەکەن کە لیوای عەفرین هەبێت، نایانەوێت زۆر وشەی (هەڵوەشاندنەوە) بەکاربهێنن بەڵکوو کەی هەسەدە بە تەواوی دەچێتە نێو سوپای سوریاوە”.
ب ح