مەودا میدیا-
وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) ئاشکرایکرد پێویستە ڕێگریی لە پەککەوتنی پرۆسەی ئاشتی بکرێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەکتەری سەرەکیی پرۆسەکەیە و رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە، نابێت پرسی کورد بەپێی بەرژەوەندیی سیاسیی و هەڵبژاردن هەڵبسەنگێنرێت.
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەمپارتی رایگەیاند “کۆمەڵگە چاوەڕوانی هەنگاوی خێراتر دەکات بۆ پرۆسەی ئاشتی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دواین چاوپێکەوتنیدا باسی لە نەخشەڕێگایەک کردووە و هۆشداریداوە، چاوەڕوانیکردن تەنها مەترسییەکان زیاتر دەکات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” شاندی ئیمراڵی و کۆمیسیۆنی یاسایی پارتەکەیان لەگەڵ ئاکەپە کۆبوونەتەوە و لە داهاتووشدا لەگەڵ پارتەکانی تریش کۆدەبنەوە، بەمەبەستی گەیشتن بە کۆدەنگییەک لە پەرلەماندا لەسەر پڕۆژە یاسایەک کە ئامانج لێی مسۆگەرکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، پێکەوەژیان و یەکسانییە”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەڕێز ئۆجەلان ئەکتەری سەرەکیی پرۆسەکەیە و ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە، بەڵام نابێت لەم بارودۆخەی ئێستای لە زیندان پرۆسەکە بەڕێوەببات، ئەو دەیەوێت لەگەڵ توێژە جیاوازەکان و ئەو کەسانەی دەیانەوێت کاریگەری لەسەر رۆژنامەگەریی ئاشتی درووست بکەن کۆببێتەوە”.
ب ح