كورد لە ترسی چی بە رێككەوتن لەگەڵ دیمەش رازی بووە ؟

ئەرسەلان پەرۆش

باسوخواسی رێككەوتنی نێوان كورد و حكومەتی دیمەشق لە سوریا چەند رۆژێكە بووەتە جێگەی مشتومڕی گەرمی هاوڵاتییانی كورد بە تایبەت لە هەرێمی كوردستان و هەریەكە و بەجۆرێك خوێندنەوەی بۆ دەكات تا دەگاتە ئەوەی بەشێك بە ئاشبەتاڵ ناوی دەبەن، بەڵام لە راستیدا ئەو هەنگاوانەی كە مەزڵوم عەبدی دەینێت حەكیمانەیە و بۆ ئێستا جگە لەوە هەڵبژاردنێكی باشتر نییە.

سەركردایەتی هەسەدە باش لەوە تێگەیشتووە كە نە ئەمەریكا و نە ئیسرائیلیش هیچكامیان ئەو ئەمەریكا و ئیسرائیلەی پێش رووخانی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد نەماون و چیتر ئەو پشتیوانییەی سەربەخۆبوونی كورد لە سوریا ناكەن، چونكە ئێستا بەرژەوەندییەكان گۆڕاون، ئەمەریكاش تەنها لەگەڵ بەرژەوەندی خۆیەتی و بەلایەوە گرنگ نییە كێ‌ دەبێتە قوربانی پلان و هەنگاوەكانی، باشترین نمونەش بۆ ئەمە لێدوانێكی مەزڵوم عەبدییە كە لە ماوەی رابردوودا وتی” ئەمەریكا خیانەتی لە كورد كرد”.

كەواتا سوریای ئێستا زۆر جیاوازترە لە سوریای سەردەمی بەشار ئەسەد و دۆخەكەش بۆ كورد بە هەمان شێوە، چونكە تا رادەیەكی زۆر ئێستا بە تەنها ماوەتەوە و ئەو پشتیوانییەی پێشووی لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیلیشەوە نەماوە، چونكە چیتر كورد چەكێكی كاریگەر نییە بە دەستی ئەو وڵاتانەوە تا دژی سوریا بەكاریبهێنن، بەڵكو ئێستا سوریا وەك هی خۆیانە و سەرۆكەكەشی هەر “مەید ئین ئەمەریكا”یە.، واتا بە كوردی و بە پوختی جارێكیتر كورد فرۆشرایەوە، بۆیە ئێستا هیچ چارەیەكی تری نییە جگە لە رێكەوتن نەبێت و ئەوەش باشترین بژاردەیە.

لەلایەكی تریشەوە جگە لە ئەمەریكا و ئیسرائیل، ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتیش توركیای دوژمنی هەرە گەورەی دۆزی كورد كە لە بندەستی رۆژئاوادایە، پشتیوانی لە سوریایەكی یەكپارچە و یەكگرتوو دەكەن، ئەمەش فشارێكی گەورەیە بۆ سەركردایەتی كورد تا بچێتە ژێر باری رێككەوتنەكەوە.

هەرچەندە ئەو رێككەوتنەی كە هەسەدە هەنگاوی بۆ ناوە و بۆ ئێستا بە باشترین بژاردە دادەنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە دڵی كورد نییە و هەرگیز نەیویستووە هەنگاوێكی وا بنێت، بەڵام ترسێكی گەورەتر هەیە لە پشت رازیبوونی كورد بە رێككەتنەكە، ئەویش ئەوەیە كە لە حاڵەتی رەتكردنەوەیدا جارێكیتر شەڕی كۆڵان بە كۆڵان دەستپێبكاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەبێ‌ پشتیوانی دۆستەكانی پێشووتری و لە كۆتایشدا مایە پووچ ببێت و ئەوەشی ئێستا لەم رێككەوتنەدا پێیدەدرێت، ئەوكات پێی نادرێت.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان