مەودامیدیا-
بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی بی بی سی، ئەمەریكا بەنیازە پێدانی هاوكارییە سەربازییەكانی بە هێزەكانی پێشمەرگە رابگرێت و كۆتایی پێبهێنێت.
بی بی سی، لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە” ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بە بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیان راگەیاندووە، لەگەڵ وادەی كۆتاییهاتنی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پێنتاگۆن) و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 30ـی ئەیلولی ئەمساڵدا، جارێكیتر ئەو لێكتێگەیشتنە دووبارە ناكرێتەوە و كۆتاییش بە هاوكارییەكانیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەهێنن”.
رۆژی 30ـی ئەیلول هەمان ئەو بەروارەیە كە دیاریكراوە بۆ ئەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە تەواوی عیراق بكشێنەوە و تاكە بنكەی سەربازیی ئەمەریكاش لە هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر دابخرێت.
بڕینی هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەبێتە قەیرانێكی تری دارایی و بارگرانییەكی تر لەسەر حكومەتی هەرێم لە كاتێكدا كە ئێستا عیراق و ناوچەكە بەگشتی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە تووشی قەیرانی دارایی بوون.
ئ پ