مەودا میدیا-
پڕۆژەی رووناکی ئاشکرایکرد 180 هەزار هاوبەش لە لێخۆشبوونی 50% ی قەرزی کۆنی کارەبا سوودمەند بوون و زیاتر لە 350 ملیار دینار لێخۆشبوونیان بۆ كراوە.
پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند ” تاوەكو ئێستا 180 هەزار هاوبەشی كارەبا لە لێخۆشبوونی 50%ی قەرزی کۆنی کارەبا سوودمەند بوونە و 725 هەزار هاوبەشی دیکە ماون قەرزی کۆنی کارەبا بدەنەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە دوو قۆناغی لێخۆشبووندا لە ماوەی دوو مانگ رابردوودا، بە گشتیی بڕی زیاتر لە 350 ملیار دینار قەرز لێخۆشبوون بۆ ئەوە هاوبەشانە کراوە کە قەرزی کۆنیان لەسەر بووە و هەروەها داهاتی گشتیش زیاتر لە 420 ملیار دینار بووە”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئێستا 60%ی هاوبەشانی ماڵان هیچ قەرزێکی پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکیان لەسەر نەماوە، بەڵام 40%ی هاوبەشان هێشتا قەرزی کۆنی کارەبایان لەسەر ماوە کە نیوەی ئەو هاوبەشانە بڕی قەرزەکەیان کەمترە لە 200 هەزار دینار”.
ب ح