مەودا میدیا-
سەرەڕای ئەوەی شەوی رابردوو نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی نزیكەی دوو مانگی رابردوودا، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ جارێكیتر نرخی ئەو كانزایە دابەزی و تا ئێستاش ئاراستەی داهاتووی روون نییە.
پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە ئاماری هەڵئاوسان و داتای نرخی بەرهەمهێنەران لە ئەمەریكا بڵاودەكرێتەوە و ئەو دوو ئامارەش كاریگەرییەكی گەورەیان لەسەر ئاراستەی نرخی زێڕ دەبێت”.
وتیشی” لەلایەكی تریشەوە، تووندبونەوەی گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران و هاتوچۆنەكردنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لە گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هۆكارێكی ترە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” رەنگە ئەو بەرزبوونەوەیەی ئێستای زێڕ ریتێستێكی كاتیی بێت و دووبارە دەست بە دابەزین بكاتەوە، بەڵام هێشتا ئەوە روون نییە لە دوو رۆژی داهاتوودا ئاراستەی ئەو كانزایە تا رادەیەكی زۆر روون دەبێتەوە”.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە شەوەی رابردوو نرخی یەك ئۆنسە زێڕ گەیشتە 4,435 دۆلار كە بەرزترین ئاستە لە دوو مانگی رابردوودا، بەڵام كاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ جارێكیتر دابەزی بۆ 4,355 دۆلار و لە ئێستاشدا بە 4,370 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت”.
ئ پ