مەودا میدیا-
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک، نووسراوێکی ئاراستەی هەریەک لە هۆبە کشتوکاڵییەکانی (کەرکوک، پردێ، شوان، سەرگەڕان، بەشیر، یایچی، لەیلان و قەرەهەنجیر) کردووەو بڕیاری کۆتایی دراوە بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی ئەو عەرەبە هاوردانەی کە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان نیشتەجێ کرابوون.
نووسراوەکە پشت دەبەستێت بە بڕیاری ژمارە 29ی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، کە تایبەتە بە چارەسەرکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانە، بەپێی نووسراوەکە، بڕیاردرا هەرچی گرێبەستی عەرەبی هاوردەیە لەسەر زەوی کشتوکاڵیی کوردو تورکمانە هەڵبووەشێتەوە، چیتر گرێبەستی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە بۆ عەرەبی هاوردە نوێ نەکرێتەوە، هەرکەسێکیش پابەندی ئەم بڕیارەوهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان نەبێت، بەرپرسیار دەبێت.
کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان یەکێک بووە لە ئاڵۆزترین و سەختترین دەرهاویشتەکانی سیاسەتی تەعریب، کە تێیدا جووتیارانی کورد و تورکمان لە زێدی باوباپیرانیان دەرکران و زەوییەکانیان بە گرێبەست درا بە عەرەبی هاوردە، لە ماوەی رابردوودا، بەتایبەتی لە وەرزەکانی دروێنە و کێڵاندا، ئەم کێشەیە بووەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی و پێکدادان و هەندێ جاریش زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.

ب ح