مەودا میدیا-
وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد • كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم ئاستی بەرهەمهێنانیان گەیشتووەتە نزیكەی 220-250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم رایگەیاند “تەنها كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ دەستی بە بەرهەمهێنان (جزئى)كردووەتەوە، بەهۆی ئەو چەند هێرشە درۆنییەی كە كرابووە سەری و زیانی بەركەوتووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “حکومەتی فیدراڵی تێچووی پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ پاڵاوگەکانی خۆی بە (پێنج هەزار و 900 دینار) (نزیکەی چوار دۆلار) هەژمار دەکات، بەڵام بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان بە 16 دۆلارە، هەر کاتێک بەغدا ئەو نەوتەی دەیداتە هەرێم بە چوار دۆلار بۆیان هەژمار بکات، ئەوانیش بێگومان بەنزین بە 450 دینار دەدەنە هاوڵاتییان”.
ئەوەشی خستەڕوو “لە ئێستادا رۆژانە تەنها 50 هەزار بەرمیل دەپاڵێورێت، لە کاتێکدا خواستی ناوخۆیی دەگاتە 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بۆیە دەبێت بڕی پاڵاوتنی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت”.
باسی لەوەشکرد “رۆژانی 26 و 27ی ئەم مانگە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەگەڵ لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان و وەزارەتی نەوتی عیراق کۆبوونەتەوە، ئێستاش چاوەڕێی راسپاردەی ئەو لیژنەیەن بۆ سەرۆكى پەرلەمانى فیدراڵ، تاوەکو بزانرێت چ بڕیارێک لەو بارەیەوە دەدرێت”.
ب ح