وەزیری پەروەردە: سبەینێ مامۆستایان پەیوەندی بە ناوەندەکانی خوێندن دەکەنەوە

مەودا میدیا-

وەزیری پەروەردەی هەرێم سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەزارەتەکەیان بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندم ئاشکرایکرد دیزانینی جلوبەرگی خوێندکارانیان گۆڕیوە و نرخەکەشی هەرزانترە لە ساڵانی پێشوو، گرێبەستیان لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکیش نەکردووە.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند “سەربەخۆیی ئابوورییان بۆ قوتابخانەکان راگەیاندووە و کارگێڕیی قوتابخانەکان دەتوانن تەواوی پارەی فرۆشگاکان بۆ خزمەتی قوتابخانەکانیان بەکاربهێنن و هیچ بڕە پارەیەک نەگەڕێننەوە بۆ وەزارەت یان بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەکانیان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “نزیکەی 20 ملیۆن کتێب چاپ کراون، تائێستا 90٪ی کتێبەکان گەیشتوونەتە کۆگاکانی شار و شارۆچکەکان، ئەگەر بارودۆخەکە رێگر نەبێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا 99٪ی کتێبەکان دەگەنە هەرێمی کوردستان”.

ئەوەشی خستەڕوو “نزیکەی 264 کۆنتێنەری کەلوپەل گەیشتوونەتە پەروەردەی شارۆچکەکان و پرۆسەی چاککردنەوەی هەزاران مێزی قوتابخانەکانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکان بەردەوامە”.

باسی لەوەشکرد “لەمساڵدا 32 باڵەخانەی نوێی قوتابخانە بۆ ئەمساڵ ئامادەکراون، کە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بوون لە سلێمانی هەشت باڵەخانە، لە هەولێر هەشت باڵەخانە، لە دهۆک هەشت، یەک لە راپەڕین، دوو لە گەرمیان و دوو باڵەخانەش لە زاخۆ”.

وتیشی “بۆ ماوەی 19 رۆژ پرۆسەی راهێنان بەردەوام دەبێت، تێیدا هەر مامۆستایەک (پێنج بۆ شەش رۆژ) راهێنان لەسەر بابەتەکانی تەکنەلۆژیا، زیرەکی دەستکرد، ستراتیژی ژینگە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیان وەردەگرێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان