دێرین جەمال
لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨دا، کاتێک میقداد مەدحەت بەدرخان لە غەریبی و لە شاری قاهیرە یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستانی بڵاوکردەوە، تەنها کاغەزێکی چاپکراوی نەخستە بەردەستی خوێنەران، بەڵکو بناغەی شۆڕشێکی مەعریفی و نەتەوەیی داڕشت. رۆژنامەگەریی بۆ کورد لەو سەردەمەدا چەکێک بوو بۆ سەلماندنی بوون و پاراستنی زمان و ناسنامە لە بەرانبەر هەوڵەکانی سڕینەوە.
گرنگی و مێژووی رۆژنامەگەریی بۆ کورد
بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت وەک کورد، رۆژنامەگەریی هەمیشە رۆڵی دەوڵەتی سێبەری گێڕاوە. مێژووی ئێمە تەنها مێژووی شەڕ و ململانێ نییە، بەڵکو مێژووی پێنووس، گۆڤار، رادیۆ و تەلەڤزیۆنەکانیشە کە لە سەختترین بارودۆخدا، لە شاخ و لە شار، بوونەتە پردی پەیوەندیی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە. رۆژنامەگەریی کوردی توانیویەتی: زمان و رێنووسی کوردی لە فەوتان بپارێزێت، هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی لای تاکی کورد دروستبکات، دەنگی مەزڵوومییەتی کورد بە جیهان بگەیەنێت.
قەیرانی بەرپرسیارێتی لە میدیای ئەمڕۆدا
سەرەڕای ئەو مێژووە پڕ لە شانازییە، ئەمڕۆ لە سایەی تەکنەلۆژیا و کرانەوەی بێسەروبەردا، میدیای کوردی (بەتایبەت میدیای ئەلیکترۆنی و سۆشیال میدیا) تووشی لادانێکی گەورە بووە لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی کارکردن. زۆرێک لە دەزگا میدیاییەکان بەشێوەیەکی نابەرپرسیارانە مامەڵە دەکەن و دوورکەوتوونەتەوە لە ڕەوشتی پیشەیی، ئەمەش لە دوو خاڵی سەرەکیدا دەبینرێتەوە:
یەکەم: ونبوونی راستگۆیی و بابەتیبوونە، لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین لایک و ڤیو راستییەکان دەشێوێندرێن. میدیا لەبری ئەوەی ئاوێنەی راستییەکان بێت، بووەتە ئامرازی چەواشەکاری و ململانێی سیاسی و کەسی، کە ئەمەش متمانەی جەماوەری بە میدیا لاواز کردووە.
دووەم: پێشێلکردنی ئازادییە تایبەتەتەکان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی
میدیای نابەرپرسیار بووەتە هەڕەشە بۆ سەر شیرازەی خێزان و شکۆمەندیی تاکەکان. زۆرجار ژیانی تایبەتیی خەڵک دەکرێتە قوربانی هەواڵی پڕ لە وروژاندن، بەبێ رەچاوکردنی دەرەنجامە خراپە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی.
لە یادی رۆژنامەگەریی کوردیدا، پێویستە تەنها شانازی بە رابردووەوە نەکەین، بەڵکو کاتی ئەوە هاتووە رەخنە لە ئێستا بگرین. رۆژنامەگەریی ئەگەر لە خزمەت راستی و بەرژەوەندیی گشتی دا نەبێت، دەبێتە ژەهرێکی کوشندە بۆ جەستەی کۆمەڵگە.
پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو رۆحیەتی دەستپێکردنی بەدرخانییەکان؛ رۆحیەتی بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە خاک و مرۆڤ، نەک راکردن بەدوای چەواشەکاری و ناوبانگی کاتی.
خ.غ