مەودا میدیا-
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا پێنج ستەم لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کراوە، لەئێستاشدا دەرفەتێک هاتووەتەپێشەوە کە بە جێکردنەوەیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ی عیراق کۆتایی بەو پێنج ستەمە بهێنرێت و هەرێمی کوردستان بچێتە قۆناغێکی ترەوە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “ستەمی یەکەم لە ساڵی 2016وە بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی 380 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری شارستانیی دەستیپێکرد، کە مافی خۆیانە و دەبێت چوار بۆ پێنج ساڵ پلەیان بەرز بکرێتەوە بە ئیمتیازاتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ستەمێکی تر پشکی هەرێمی کوردستانە لە دامەزراندن و لە ساڵی 2014وە خەڵکی هەرێمی کوردستان بێبەش بوون لە دادپەروەریی لە دامەزراندن بۆ گەنجان و دەرچووی زانکۆکان، ستەمی سێیەمیش ئەوەیە کە نزیکەی 30 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست تائێستا نەکراونەتە هەمیشەیی، بۆیە ئێستا دەرفەتە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا جێگەیان بکرێتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو ” ستەمی چوارەمیش لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕینی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییە کە لە عیراق نزیکەی پێنج ملیۆن کەس ئەو مووچەیە وەردەگرن، کە بڕەکەی نزیکەی 400 هەزارە، بەڵام لە ساڵی 2016وە ئەم مووچەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بڕاوە، هەروەها ستەمی پێنجەم هاوتانەکردنی مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسییە کە دەبێت هاوتای عیراق بکرێت”.
ب ح