محەمەد حاجی مەحمود: ئامانجی جەنگی سەپێنراو دیار نییە

مەودا میدیا-

سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد ئامانجی جەنگی سەپێنراو دیار نییە و بووەتە نەهامەتییەکی تر بۆ خەڵکی ناوچەکە و خەڵکی ئەو وڵاتانەش، بەڵام سەرۆکی ئەو وڵاتە تەماعکارانە نە رێز لە ماف و خواستی خەڵکی خۆیان دەگرن نە خەڵکی ئەم ناوچەیە.

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند “رەتکردنەوەی جەنگ لەلایەن سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپاوە دەرخەری ئەو راستیەیە کە جەنگەکە لە لایەن ئیسرائیل و ئەمەریکاوە سەپێنراوە و کۆمەڵێک پێشهاتی بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆ بەشێک لە وڵاتان و بازنەیەکی بچووکی نزیک لە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکاوە بازرگانییەکی پڕ قازانجە و بە خواستی خۆیان یاری بە بازاڕی جیهانی و نرخی وزە و چەکەوە دەکەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەڵوێستی سەرکردایەتی کورد لە هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخەدا، ژیرانە و لۆجیکییە، چونکە ئەم جەنگە، جەنگی کورد نییە و توانای رووبەڕووبوونەوەی هیچ کام لە لایەن بەشدارەکانی نییە”.

ئەوەشی خستەڕوو “هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو لایەنانەوە ئەنجام دەدرێن کە چاویان بە پێشکەوتن و سەقامگیریی کوردستان هەڵنایەت و هەمیشە لە بەهانەیەک دەگەڕێن بۆ زیانگەیاندن بە میللەتەکەمان، هەر بۆیە داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەن یەکدەنگ و یەکڕیز هەستیاری قۆناغەکە لەبەرچاو بگرن و لەچوارچێوەی ئەنجومەنێکی سیاسی بەرنامەڕێژی بکرێت بۆ پاراستنی میللەتەکەمان و رووبەڕووبونەوەی دوژمنایەتی ئەو گرووپانە ببنەوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان