مەودا میدیا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عیراق ئەمڕۆ هەینی هێڵكاری و وردەكاریی رەشنوسی هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2019ی هاتوچۆی ئاشكرا كرد و دەڵێت” سەرقاڵی درووستكردنی ئەپێكن كە دەتوانرێت لە رێگەیەوە خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بگوازرێتەوە”.
رائید حەیدەر شاكر، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی هاتوچۆی عیراق رایگەیاند” پێشنیار و رەشنووسی یاسایەك هەیە كە گفتوگۆی لەسەر كراوە بۆ هەمواركردنەوەی تەواوی یاسای هاتوچۆ و چەند ماددەیەكی یاساكە، بەمەبەستی هاوسەنگبوون لەگەڵ كارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ”.
وتیشی” هەمواركردنەوەكە بڕگەی گرنگ لەخۆدەگرێت، لە نێویاندا سەرلەنوێ سەیركردنەوەی مەرجی ئامادەبوونی كڕیار و فرۆشیار لەبەردەم ئەفسەری تۆماركردن”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی بەم نزیكانە ئەپڵیكەیشنێكی ئەلیكترۆنی بخاتە بواری خزمەتەوە كە رێگە بە هاوڵاتییان دەدات خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلەكانیان لە ماڵەكانیانەوە بگوازنەوە بەبێ ئەوەی پێویستیان بە سەردانیكردنی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ هەبێت”.
ئەوەشی روونكردەوە” هەمواركردنەوەكان فایلی مۆڵەتی شۆفێری، جێبەجێكردنی سیستەمی خاڵ بۆ ئەو شۆفێرانەی سەرپێچی هاتوچۆ دەكەن، هەروەها دیاریكردنی هەندێك ئاستی رەنگ بۆ ئۆتۆمبێلەكان بۆ دڵنیابوون لە بینین و سەلامەتی گشتی لە ژێر رۆشنایی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لەخۆ دەگرێت”.
ئ پ