مەودا میدیا-
بریكاری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ كاروباری رۆژهەڵات ئاشکرایکرد ژمارەیەك تێوەگلاو لە تیرۆرکردنی شەڕڤانەكەی حەسەكە دەستگیركراون و هەوڵەكان بۆ دەستگیركردنی تەواوی تاوانباران بەردەوامە لە هەمانکاتدا سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهید سیپان (سامی شێخموس حەسۆ) دەکات.
سیپان حەمۆ، بریكاری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ كاروباری رۆژهەڵات رایگەیاند “شەهید سیپان (سامی شێخموس حەسۆ) لە ئەنجامی تاوانێکی دڕندانەو خەیانەتکارانە شەهید بووە، كە شەڕڤان بوو لە لیوای حەسەکە و ساڵانێك خزمەتى كردووە لە پێناو بەرگریکردن لە ئاسایشی ناوچەکەو خەڵکەکەیدا”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئیدانەی هەر وتارێکی دنەدانی میدیایی دەکات کە داوای تووندوتیژی و کوشتن دەکات، داوا لە رۆڵەکانی گەلەکەیان دەکات ئارامگربن و خۆڕاگربن و بەدوای هەوڵەکانی فیتنەگێڕیدا نەکەون”.
ئەوەشی خستەڕوو ” لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستپێشخەرییان کردووە بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە تێوەگلاوان و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان تاوەکو دەستگیرکردنی تەواوی تاوانباران، بۆ ئەوەی رادەستی دادگا بکرێن و بەپێی یاسا بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن کە لەگەڵ دڕندەیی تاوانە ئەنجامدراوەکەدا بگونجێت”.
ب ح