مەودا میدیا-
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق ئاشکرایکرد کۆتایی مانگی ئەیلول وادەی کۆتاییە بۆ ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، پڕۆسەی کشانەوەش خێراتر بووە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق بە رۆژنامەی شەرقولئەوەستی راگەیاندووە “پێشمەرگە و سوپای عیراق ئامادەکارییان بۆ دیاریکردنی ئەرکە هاوبەشەکانی دوای 30ی ئەیلول و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کردووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان هەرێم و ناوەند کراوە بۆ رادەستکردنەوەی داواکراوان بە ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش بەبێ رۆتینات، هەروەها بڕیاردراوە لەسەر پشتیوانیکردنی لیوا هاوبەشەکان و پاراستنی دەروازە سنوورییەکان”.
ئەوەشی خستەڕوو “داعش لەڕووی سەربازییەوە لە عیراق کۆتایی هاتووە، سەرەڕای بوونی پاشماوەکانیان، هێزە ئەمنییەکانیش لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ تێکشکاندن و لەناوبردنی حەشارگەکانیان”.
ب ح