مەودا میدیا-
بەپێی پێشبینییەكانی شارەزایانی كەشناسی لە رۆژی پێنجشەممەی كۆتایی ئەم هەفتەیەوە تا كۆتایی هەفتەی داهاتوو دووشەپۆلی بارانبارین و هەورەبروسكە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
سیروان ساڵح، شارەزای بواری كەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند “شەپۆلی یەكەمی بارانبارینەكە لاواز بۆ مامناوەندە و لە شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەوە تا شەوی هەینی لەسەر شەممە دەبێت”.
وتیشی “لە رۆژی پێنجشەممەدا بارانەكە ناوبەناو و لاوازە، بەڵام رۆژی هەینی چەند تاوێكی باش دەبارێت و بەزۆریش ناوچەكانی خۆرهەڵاتی هەرێم و خۆرهەڵاتی ناوچەكانی گەرمیان ئەگەری بارانبارین لە نێوان پێنج تا 15 ملم دەبێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “شەپۆلی دووەم لە شەوی یەكشەممە لەسەر دووشەممە دەستپێدەكات تا چوارشەممە ناوبەناو بەردەوام دەبێت، كە رێژەی بارانی ئەم شەپۆلە باشە و ئەگەر هەیە لە چەند ناوچەیەكی كوێستانی و بەشێكی باكووری گەرمیان پەڵەبدات، چونكە پێشبینی دەكەن لەنێوان 10 تا 30 ملم باران ببارێت كە بەزۆری ناوچە كوێستانییەكان و بەشێكی باكوور و ناوەڕاستی گەرمیان دەگرێتەوە”.
باسی لەوەش كرد “لە بەرزایی زیاتر لە 2500 مەتر لە سەرەوەی چیا بەرزە سنوریەكان ئەگەری بەفربارین هەیە”.
لە بارەی پلەكانی گەرماشەوە وتی “سێ تا پێنج پلە بەراورد بە رۆژانی پێشوتر پلەكانی گەرما دادەبەزن”.
ئ پ