مەودا میدیا-
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی یلە دەروازەکانی ئەلمەشرح شەلامچە و مەندەلی لەگەڵ ئێران راگەیاند.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق بڵاویکردەوە “هاتوچۆی گەشتیاران لە دەروازە سنوورییەکانی (ئەلمەشرح و شەلامچە) لە کاتژمێر 6:00ی بەیانی ئەمڕۆوە دەستیپێکردووەتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سبەینێ کاتژمێر 6:00ی بەیانی تاوەکو 9/17، هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە دەروازەکانی (مەندەلی، ئەلمەشرح و شەلامچە) لەگەڵ ئێران دەستپێدەکاتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “ لە دەروازەکانی (زرباتیە و مونزریە) جووڵە، هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی نەوەستاوە و بەشێوەی 24 کاتژمێری بەردەوامە”.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ رایگەیاند “ئاگاداری سەرجەم گەشتیاران، بازرگانان و شۆفێران دەکاتەوە کە دەروازەکەیان کراوەیە و لە پێشوازیی گەشتیاران و بازرگاناندان و هاتوچۆ وەک رۆژانی رابردوو ئاساییە”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی رابردوو بەهۆی ئەنجامدانی چەند هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بۆری نەوتی (ریاز-مەدینە)ی سعودیە لە خاکی عیراقەوە، بەرپرسانی بەغدا چەند دەروازەیەکی سنوورییان لەگەڵ ئێران داخست.
ب ح