دێرین جەمال
پەرلەمان وەک بەرزترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری لە هەر سیستمێکی دیموکراتیدا، ستوونی سەرەکیی پاراستنی مافی هاوڵاتییان و هاوسەنگیی دەسەڵاتەکانە. ئەرکی سەرەکیی ئەم دامەزراوەیە لە دەركردنی یاسای نوێ، هەموارکردنەوەی یاسا کۆنەکان بەپێی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە، چاودێریکردنی وردی کارەکانی حکومەت بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی، گەیاندنی دەنگ و داواکارییەکانی هاوڵاتییان بە ناوەندەکانی بڕیارداڕشتن و پەسندکردنی بودجەی گشتیدا دەبینرێتەوە.
کاتێک پەرلەمان لە کارایی دەکەوێت و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دوادەکەوێت، یەکەم زەرەرمەندی سەرەکی خودی دەسەڵات خۆیەتی، چونکە رەوایەتیی یاسایی و جەماوەریی خۆی لەدەستدەدات و بەهایەکیش بۆ پرۆسەی دەنگدان و سندوقەکانی دەنگدان نامێنێتەوە کاتێک ئیرادەی هاوڵاتییان لە بڕیارداڕشتندا پەکی دەکەوێت. ئەم بۆشاییە سیاسیە زیانی راستەوخۆ بە ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییان دەگەیەنێت و لاوازبوونی متمانەی جەماوەر بە پرۆسەی حوکمڕانیی لێدەکەوێتەوە.
رەنگدانەوەی ئەم ئیفلیجییە لەسەر ئابووری زۆر سەخت دەبێت، بازاڕ تووشی سستبوون و بێ بازاڕییەکی قووڵ دەبێتەوە، وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی دەرەکی بەهۆی نادیاریی داهاتووی یاسایی و داراییەوە پەکی دەکەوێت و کۆمپانیای بیانی پاشەکشە دەکەن. لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، پێگەی وڵات لە بەرانبەر کونسوڵخانەکان، شاندە بیانییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتەواوی لاواز دەبێت، چونکە نەمانی حکومەتێکی کارا و پەرلەمانێکی یاسایی وا دەکات وڵاتانی دەرەوە بە گومانەوە لە رێککەوتننامەکان بڕوانن و هاوکاری و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دابەزن بۆ نزمترین ئاست.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم چەقبەستووییە، پێویستە دەسەڵاتدارانیش شێوازی حکومڕانیی خۆیان بگۆڕن، دەبێت دەسەڵات وەک باوکێک لە خەمی میللەتەکەیدا بێت و ئامادەیی قوربانیدانی هەبێت تا ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان دابین بکات.
پێویستە دەسەڵاتداران لە تەلاری بڕیارەکان بێنە خوارەوە و بچنە ناو جەماوەر، گوێ لە دەنگدەرانیان بگرن تا متمانەی نێوانیان بەهێزتر بێتەوە، چونکە میللەت ماندووە لە قەیرانە بەردەوامەکان و ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئاسوودە ببن و لە سایەی ئارامیی سیاسی و ئابووریدا بژین.
هاوکات لە ئێستادا پێویستە دیالۆگێکی جدی و بێمەرج لەنێوان هێزە سیاسییەکان دەستپێبکات بۆ گەیشتن بە سازانێکی نیشتمانی لەسەر بنەمای پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان، لەگەڵ پێداچوونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا.
سەرەنجام، کاتی ئەوە هاتووە تەواوی شەرعییەت و شکۆ بۆ پەرلەمان بگەڕێندرێتەوە، چونکە پەرلەمان تەنها باڵەخانەیەک یان سەکۆیەکی حزبی نییە، بەڵکوو مەرجەعی باڵا و بنەڕەتیی سەرجەم بڕیارە نیشتمانییەکانە. گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ ئەم دامەزراوەیە، تاکە گەرەنتییە بۆ کۆتاییهێنان بە بۆشایی سیاسی، پاراستنی سەروەریی یاسا و زامنی سەقامگیرییەکی بەردەوام بۆ تەواوی کۆمەڵگە.
خ.غ