جووتیاران دابەشکردنی زەوییەکانیان رەتدەکەنەوە

مەودا میدیا-

ئەمڕۆ بەشێک لە جووتیارانی قەزای شارەزوور لەبەردەم شارەوانی قەزاکە کۆبوونەوە و دابەشکردنی زەوییەکانیان رەتکردەوە کە نزیکی (هەزار و 914 دۆنم)ەو ئاشکرایانکرد زەوییەکانیان بیری ئاوی تێدایە و لەئێستادا بەشێکی زۆری کراوە بە باخ و سەوزە کە بەرژەوەندیی گشتیی تێدایە.

مەلا رەزا ئەمین، نوێنەری جووتیارانی شارەزوور بە مەودا میدیای راگەیاند “دابەشکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان تەنها گرفتی جووتیارانی سنوورەکە نییە و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان هەیە، بەڵام زەوییەانی ئەوان زەوی کشتوکاڵی بە پیتن و بژێوی سەدان خێزانی لەسەرە و هۆکارێکیشە بۆ لەناوچوونی بەرهەمی ناوخۆ”.

سالار ئەحمەد رەشید، سەرۆکی شارەوانی شارەزوور لە وڵامی داواکاریی جووتیارانی قەزاکەدا بە مەودا میدیای راگەیاند “جووتیاران لەبەرانبەر دابەشکردنی زەوییەکانیان قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڵام بەشێکی زۆر لەو جووتیارانەی دابەشکردنی زەوییەکانیان رەتدەکەنەوە فەرمانبەران و خۆشیان ناوی لە لیستی وەرگرتنی زەویدا هاتووەتەوە و سوودمەندبووەکانیش دانیشتووای قەزاکەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەر لە بنەڕەتدا قەزاکە لە ساڵی 1988وە لەسەر زەوی کشتوکاڵی بنیادنراوە و ئەو زەویانەش کە ئێستا دابەش دەکرێن رەگەزی کشتوکاڵی لەدەستداوە، بەڵام ئەو زەویانەی ئێستا دابەش دەکرێن لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە قەرەبوو دەکرێنەوە، ئەگەر گرفت دروست نەبێت هەفتەی داهاتوو نەخشەی دابەشکردنی زەوییەکان دەگاتە قۆناغی بانگەواز و لە ماوەی مانگێکدا کۆتایی دێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “نزیکەی (هەزار و 400 دۆنم زەوی ئیفراز) کراوە کە نزیکی (پێنج هەزار پارچە زەوی دەکات)، تائێستا زیاتر لە (چوار هەزار) لە فەرمانبەر، خانەوادەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و خانەنشینان ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامە، هاوڵاتییان دڵنیا دەکەنەوە کە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشکە و جیاوازیی لەنێوان چین وتوێژەکاندا ناکرێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان