مەودا میدیا-
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق ئاشکرایکرد رۆژی (30ی ئەیلول) سەروەریی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا جێگیر دەکات و هەر پاساوێک بۆ جموجووڵ لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کۆتایی پێدێت.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند “هێزە چەکدارەکان بوونەتە تاکە بەرپرسیار لە دیاریکردنی سەقامگیریی و پاراستنی ئاسمان و خاکی وڵات بەبێ پێویستی بەغدا بە هێزە بیانییەکان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “چەسپاندنی سەروەریی نیشتمانی بنەمای یاسایی و مەیدانییە کە دەزگا ئەمنییەکان پشتی پێ دەبەستن، کاتێک فەرماندەیی نیشتمانی تاکە سەرچاوەی بڕیاری ئەمنی بێت، هەر پاساوێک بۆ جموجووڵ لە دەرەوەی دەوڵەت نامێنێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “دەزگا ئەمنییەکان سەرکەوتوو بوون لە پاراستنی سنوورە فیدراڵییەکان، لەناوبردنی پێگەکانی تیرۆر، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی تاوانی رێکخراو و بەڕێوەبردنی دۆسیە ئەمنییە ئاڵۆزەکان لە هەموو پارێزگاکان، لەوانەش ئەو ناوچانەی جێگەی بایەخی هاوبەشن”.
ب ح