أبو رغــــــال

 کاروان ئەنوەر

كاتێك ئەبرەهەی حەبەشی سوپایەكی ئامادەكرد و روویكردە مەككە تا كەعبەی ئەوكاتە بڕوخێنێت، كەسێك هەبوو خەڵكی ناوچەكە بوو كەوتە پێش سوپاكە و فیلەكانی، چاوساغیی بۆ لەشكرەكەی حەبەشە كرد و هەموو نهێنی و خاڵە لاوازەكانی ئەو ناوچەیەی دایە دەستی لەشكرە وێرانكەرەكە، ئەو كەسە ناوی (ابو رغال) بوو كە خەڵكی ثقیف بوو، وا رێككەوتبوو كە پێشكاری دەمڕاستی و خیانەت ئەنجام بدات و لەدوای رووخاندنی كەعبە بە فیلەكانیان، ئەم (ابو رغال)ە، شتێكی لە ماڵ و موڵک و زێڕ و پارە دەستبكەوێت.

لاپەڕەكانی مێژوو نموونەی زۆر زۆری لەمجۆرە تێدایە، خەڵكێك ویژدان و دین و خاك و شەرەفی خۆی بۆ مشتێك پول و پارە یان زێر و زیو بفرۆشێت، وەك نموونەی (ابن العلقمي) كە وەزیرێكی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی بوو، لەكاتی ئابڵۆقەی مەغۆل بۆ سەر بەغدا ساڵی 1258 زایینی، خیانەتی لە خەلیفەی مسوڵمانان (المسعتصم بالله) كرد و ژێربەژێر لەگەڵ هۆلاكۆ رێككەوتبوو كە نەخشە و پلانی بەرگریی و نهێنی دەروازەكانی بەغدا بداتە دەست سوپای داگیركەر، هۆلاكۆش لە بەرانبەردا ژیانی بپارێزێت. ئەوەبوو كە هۆلاكۆ هاتەناو بەغدا و خراپ قەوماندی، زۆر چیرۆك و بەسەرهات لەنێوان هۆلاكۆ و خەلیفەی مسوڵماناندا باسدەكرێن، سەیرترینیان كاتێك هۆلاكۆ بە یاوەریی المستعصم بالله دەچنە بیت المال و گەنجینەی دەوڵەتی خەلافەت، بە دەیان و سەدان تۆن زێڕ و خشڵی گرانبەها دەبینێت، بۆیە روو لە خەلیفە دەكات و دەڵێت: لەبری ئەوەی ئەم گەنجینەیەت لەم شوێنەدا شاردووەتەوە، بە بڕێكی كەمیی ئەم سەروەتە، دەتانتوانی سوپایەكی بەهێز دروستبكەن، تا من نەمتوانیایە خەلافەتەكەت ژێراوژوور بكەم، ئیتر ئەوەی بەزەیی بێت بەرانبەر بە خێزان و بنەماڵەی خەلیفە و دارودەستە و حاشیە و غیلمان و کەنیزەکەکان، نەینواند، تاکە كەسێكیانی بە زیندوویی نەهێشتەوە، بەڵام لە عورفی مەغۆلەكاندا نەدەبوو خوێنی خەلیفە و  پاشا و میرەكان لەسەر زەویی دار الخلافة و كۆشك و تەلاری پاشایەتی بڕژێنرێت، بۆیە خەلیفەی مسوڵمانانی لە فەرشێكەوە ئاڵاند و بە سمی ئەسپەكان خەلیفەیان نەفەسبڕ كرد و یەك تكە خوێنی نەڕژایە سەر زەوی، بەڵام بەغدایان خەڵتانی خوێن كرد و وەزیری خۆفرۆشیش لەم قەسابخانەیە بە سەلامەت دەرچوو، ھەرچەندە لەدوای ساڵێك بە مەرگی خودایی ئەویش گیانی سپارد و ناوی ئەمیش چووە پاڵ ناوی ابو رغالەكانی تر و لیستەكەیان بۆ ئەمڕۆ سەدان و هەزاران كەسی تێدایە، گەر ریزیان بكەین دەیان و سەدان گریك، رۆمان، فارس، مسوڵمانی عەرەب و عەجەم و دەیان خۆفرۆش و خاكفرۆش و ابو رغال و بەکر مەرگەوەڕ و حەسەن خەیری خۆیان لەم لیستەدا حەشارداوە.

ئەوەی من دەمەوێت ئەمڕۆ باسی بكەم و راستی بكەمەوە ئەوەیە كە سەرجەم ئەم خۆفرۆش و خاكفرۆشانە گۆڕیچەیەكیان بۆ دروست كراوە، بەڵام بەشێوەی جیاواز، ئەویش تەنها بە دانان و فڕێدانی بەردێك بۆ سەر گۆڕە دروستكراوەکانیان بۆ ئەوەی تا قیامەت خیانەتی ئەمانە لەیاد نەكرێن، تەنانەت لە فەریزەی حەجكردنیشدا مەراسیمێكی بەردباران كردن هەیە، ھاوکات لەشکرەکەی ئەبرەھە و فیلەکانیش لە ئاسمانەوە بەردباران کران، كە پەڕەسێلكەكان بەم پرۆسەیە ھەستاون (سورة الفیل).

لە كوردستانەكەی خۆشماندا، لە هەر چوار پارچە دابڕێنراوەكاندا، كۆمەڵێك گۆڕی رەمزیی هەن كە بە گۆڕی كافر و گاور و جوولەكە و ناووناتۆرەی تر ناویان دەبرێت و گوایە هەركەس بەردێك فڕێبداتە سەر ئەو گۆڕانە، ئەوە خێرێكی بۆ دەنووسرێت و زووتر دەگاتە شوێنی مەبەست، بەڵام لەڕاستیدا ئەو (گۆڕە بەردانە) و دۆڵی كافران وەك فێریان كردین، ئەوانە گۆڕی باپیرانی خۆمانن كە لە شەڕی بەرگریی لە خاك و نیشتمان بەدەستی لەشكری سەفەوی و عوسمانی و حیجازی شەهیدكراون، كەچی ئێمەی نەوەی ئەوان بەردبارانی گۆڕەكانیان دەكەین.

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان