نرخی زێڕ بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزی

مەودا میدیا-
بەهۆی ئەگەرەكانی گفتوگۆی نێوان ئەمەریكا و ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەیانی ئەمڕۆ نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزی.

شەوی رابردوو نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 4,375 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرا، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ ئەو نرخە نزیكەی 65 دۆلاری لەدەستدا و دابەزی بۆ 4,310 دۆلار.

پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” هۆكاری یەكەم بۆ دابەزینی نرخی زێڕ لە بازاڕەكاندا هیوای وەبەرهێنەرانە بۆ هێشتنەوەی سوودی بانكی بە بەرزی لەلایەن بانكی ناوەندی ئەمەریكاوە”.

وتیشی” هاوكات لەگەڵ ئەو هۆكارەش، ئێستا هیوایەك گەڕاوەتەوە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران كە ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بەرامبەریشدا نرخی زێڕ دابەزیوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “ئەگەر لە مانگی داهاتوودا نرخی سوودی بانكی بەرز بكرێتەوە یان هەر لێدوانێك لەلایەن بەرپرسانی بانكی ناوەندییەوە لەو بارەیەوە بدرێت كە ئاماژە بێت بۆ بەرزكردنەوەی نرخی شسوود، ئەوا نرخی زێڕ بە تەواوی لە بازاڕەكاندا دەشكێت”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان