ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێی بەكارهێنانی ناسنامەی نیشتمانی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەكات

مەودا میدیا-
ئەمڕۆ سێشەممە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند” نمونەیەك لە داتاكانی سیستەمی ناسنامەی نیشتمانییان وەرگرتووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەری لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران.

لە راگەیەندراوێكدا كۆمسیۆنەكە دەڵێت “دادوەر فەیاز یاسین حسێن، جێگری سەرۆكی دەستەی كۆمسیاران و سەرۆكی لیژنەی سەرپەرشتیاری بەكارهێنانی ناسنامەی نیشتمانی یەكگرتوو بۆ دەنگدان، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كردووە بۆ تاوتوێكردنی ئامادەكارییەكان بۆ دانیشتنێك لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمان”.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە “لیژنەكە باسی لە پێداویستییە تەكنیكییە سەرەكییەكان و رێكارە پێویستەكان كردووە بۆ تاقیكردنەوەی بەكارهێنانی كارتی نیشتمانی یەكگرتوو لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو (دوای وەرگرتنی نمونەكە لە داتابەیسی یەكگرتوو) وەك ئامادەكارییەك بۆ خستنەڕووی ئەو بابەتە بۆ گفتوگۆكردن لەبەردەم پەرلەمانی عیراق”.

باسی لەوەش كردووە “لیژنەی یاسایی پەرلەمان میوانداری سەرۆكی دەستەی كۆمسیاران و چەند ئەندامێكی دەستەی كارگێڕی دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە لە هەردوو روانگەی یاسایی و تەكنیكییەوە، هەروەها بۆ چارەسەركردنی ئەو سەختی و تەحەددایانەی پەیوەستن بە بەكارهێنانی ناسنامەی نیشتمانی یەكگرتوو لە پرۆسەكانی دەنگداندا”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان