سۆزان حەمەتاتە
لە چەند رۆژی رابردوودا، بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ئامانجی بنبڕکردنی گەندەڵی، کۆمەڵیک بەرپرسی جۆراوجۆر، بەو تۆمەتە، دەستگیرکران.
ئەو پرۆسەیە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە بەرزترین ئاستی سیاسی، ئایینی و میللیدا، پێشوازی لێکرا، بەڵام ئایا هەر ئەوەندە بەسە و بنبڕکردنی گەندەڵی بە ئۆپەراسیۆنێک کۆتایی دێت؟ راستییەکەی نەخێر.
پرۆسەی بنبڕکردنی گەندەڵی چەند قۆناغێکی دەوێت، هەڵبەت بە پشوودرێژی و وردەکارییەوە:
یەکەم: بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی لە هەموو شت گرنگتر کۆکردنەوەی بەڵگەیە لەسەر کەسی گەندەڵکار، بەڵگەکان بەشێوەیەک بن بیسەلمێنن کەوا گەندەڵی کراوە و گەندەڵکارەکەیش نەتوانێت حاشا لە تاوانەکەی بکات.
دووەم: هیچ کەس بە تەنها ناتوانێت گەندەڵی بکات، واتە توانای ئەوەی نییە کەوا هەر بۆ خۆی پارەیەکی زۆر ببات و هاوبەشی نەبێت. بۆیە گرنگە لە رێگەی کۆکردنەوەی زانیارییەوە، تۆڕی گەندەڵکار بدۆزرێنەوە کە بەلایەنی کەمەوە تۆڕەکە بۆ چەند ئاستێک دابەشدەبێت و هەر یەکەیان بەگوێرەی خۆی پشکی لە تاوانەکەدا هەیە.
سێیەم: کۆدەنگیی سیاسیی نێوان هێزەکان و رێککەوتن لەسەر بەرنامەیەک بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی گرنگە، بەو پێیەی لە عیراقدا هێزە سیاسییە گەورەکان خاوەن هێزی چەکدارن و ئەگەر هاوکاری حکومەت نەبن، ئەوا ئاسان ناتوانرێت دەست بۆ دەستگیرکردنی سەرە گەورەکانی گەندەڵی ببرێت.
چوارەم: بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی تەنها بوونی یاسا و پرۆژەی چاکسازیی گرنگ نییە، بەڵکوو جێبەجێکردنی یاسا بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە گرنگە، ئەگەر تەنها دەستگیرکردن بێ و دوای ماوەیەک کەسی گەندەڵکار بە سزایەکی سووک لێی دەربچێت، ئەوا گەندەڵی نەک بنبڕ ناکرێ، بەڵکوو زیاتریش دەبێت.
پێنجەم: لایەنێکی گرنگ و کاری بنبڕکردنی گەندەڵی خەڵکە، بۆچی خەڵک؟ چونکە هێزی سیاسیی بە بەردەوامی پێویستی بە دەنگ و بەشداریی خەڵکە، کاتێک دەردەکەوێ هێزێکی سیاسیی بە ئاستێکی زۆر لە گەندەڵی تێوەگلاوە، ئەوا دەبێت هۆشیاریی سیاسیی خەڵک وا بکات ئەو هێزە لە هەڵبژاردنەکاندا سزا بدات و دەنگی نەدرێتێ. خۆ ئەگەر خەڵک ئەوە نەکات، ئەوا مانای وایە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دژی گەندەڵی نین و تەنها بانگەشەی بۆ دەکەن.
هەموو ئەو خاڵانە و خاڵی دیکەیش هەن پێکەوە دەبنە پرۆسە، جێبەجێکردنی پرۆسە و دەستکەوتنی دەرەنجام کات و پشوودرێژیی دەوێت، لەو رووەوە بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە سەر شانی حکومەت کەوا لە رێگەی ستراتیژێکی فراوانەوە بەردەوام بێت لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و تەنها بە یەک دوو پرۆسە واز لە ئەنجامدانی چاکسازیی نەهێنێت، چونکە دەرەنجامێکی ئەرێنیی زۆری نابێت.
خ.غ