مەودا میدیا-
بەشی كاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عیراق رایگەیاند “بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی ئەلنەهرەین بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و زیرەكی دەستكرد زەوییە مینڕێژكراوەكان پاك دەكەنەوە”.
ئیحسان جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەكە ، بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە “وەزارەتەكەیان لە ئێستادا لەگەڵ زانكۆی ئەلنەهرەین كاردەكات بە تایبەتی كۆلێژی ئەندازیاری و بەشەكانی تایبەتمەند لە زیرەكی دەستكرد و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، بۆ جێبەجێكردنی دەستپێشخەرییەكی هاوبەش كە تەكنەلۆژیای مۆدێرن بەكاردەهێنێت بۆ ئەنجامدانی رووپێوی مەیدانی لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە”.
وتیشی “ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی ئەوەیە كە زانیاری نوێ و ورد بە تیمەكانی وەزارەتەكە بدات سەبارەت بە شوێنی تەقەمەنی نەتەقیو و پاشماوەی جەنگ، كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشتركردنی میكانیزمەكانی ئۆپەراسیۆن و زیادكردنی كارایی چالاكییەكانی رووپێوی”.
ئ پ